کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرچوونی سزای ١٠١ ساڵ بەندکران بۆ چالاکانی ژن و پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ژنان لە مانگی مەی ٢٠٢٤

22:43 - 15 جۆزەردان 2724

ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا باسی لە درێژەی سەرکوتکارییە بەربڵاو و سیستماتیکەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە مانگی مەی زایینیدا کردووە و پێشێلکارییە ئاشکراکانی مافی ژنان بەتایبەت ژنانی سەر بە کەمینەکانی خستووەتە ڕوو.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لە مانگی مەی زایینیدا سزای لەسێدارەدرانی ٤ بەندکراوی ژن بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەکانی کرمان، وەکیل ئابادی مەشهەد، ورمێ و نەیشابوور جێبەجێ کراوە.

لەم مانگەدا لانیکەم ١٤ ژنی چالاک لە شارەکانی کوردستان و ئێران دەسبەسەر کراون کە سەرجەم ١٠ لەسەدی ئاماری دەسبەسەرکراوان لەخۆ دەگرێت.

هەر لەم پێوەندییەدا، دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم لەم مانگەدا ١٧ چالاکی ژن، لەوانە ژینا مودەڕس گورجی، چالاکی بواری ژنان و ڕۆژنامەوانی خەڵکی سنەی سەرجەم بە ١٠١ مانگ بەندکران سزا داوە.

جگە لە ژینا مودەڕس گورجی کە ٢١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە، ١٥ هاووڵاتیی بەهایی خەڵکی ئێسفەهانیش سەرجەم بە ٧٥ ساڵ بەدنکران سزا دراون.

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، لە مانگی مەی ٢٠٢٤دا، لانیکەم ١٣ ژن لە ئێراندا کوژراون کە ١٢ کەسیان لەلایەن کەسانی نزیکی خۆیانەوە و بە پاساوی پاراستنی نامووس، کێشەی بنەماڵەیی، دزی و چەند هۆکارێکی دیکە کوژراون.