کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی تاڵانکردن و لەنێوبردنی دارستانەکانی زاگرۆس

11:03 - 16 جۆزەردان 2724

کاولکردن و لەناوبردنی دارستانەکانی زاگرۆس لە لایەن کەسانی دژە ژینگە و نەیارانی سرووشتی کوردستانه‌وه‌ بەردەوامە.

بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە ماوەیەکە کەسانی هەلپەرست دارستانەکانی دەورووبەری هانەشێخان لە شاری مەریوان کاول دەکەن و بە مشاری بەرقی ڕووبەرێکی زۆر لە دارەکانی دارستانی ئەو ناوچەیە دەبڕنەوە و دەیکەن بە خەڵووز و لە بازاڕەکاندا دەیفرۆشن.

هەر لە پێوەندیدا ئەنجومەنی سەزوی چیا لە لاپەڕەی فەرمی خۆیدا پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: ''کاولکەرانی نیشتمان دەستیان داوەتە قڕکردنی تەواوی دارستانە چڕ و جوانەکان و ڕۆژانە بە مشاری برقی ڕووبەرێکی زۆری ئەو دارستانانە وێران دەکەن، لەهەمبەر ئەم کاولکارییە یاسا، دەسەڵات و خەڵک بێدەنگیان ڕاگرتووە.''

ئەنجوومەنی سەوزی چیا چەندین ساڵە هاوار دەکات و داواکارە لە خەڵک و یاسا و دەسەڵات کە بەر بەم کاولکاری و تاڵانە بگیرێت کە تا ئێستا بەداخەوە هیچ هەنگاوێکی بۆ هەڵنەگیراوە.

دیاردەی کاولکاری دارستانەکانی زاگرۆس چەند ساڵە پەرەی سەندووە و بەداخەوا ڕۆژانە دارستانەکانی گوند و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بە شێوازگەلی جۆراوجۆر لەنێو دەبرین  و سامانی سرووشتی و گشتی خەڵکی کوردستان لەلایەن تاقمێک لە کەسانی دژە ژینگە بە تاڵان دەبردرێ.