کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماکرۆن لە وتووێژێکدا لەگەڵ نتانیاهۆ سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی ئێران نیگەرانی دەربڕی

11:10 - 16 جۆزەردان 2724

نووسینگەی سەرۆککۆماری فەرانسە لە ڕاگەیندراوێکدا ڕایگەیاند کە ئێمانوئێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەڕانسە لە وتووێژێکدا لەگەڵ بنیامین نتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بەو ڕێگایە کە ڕێژیمی ئێران بۆ بەرنامەی ناوکیی خۆی گرتوویەبەر نیگەرانی نیشاندا.

بەپێی ئەو ڕاگەیندراوە ماکرۆن جەختی لەوە کردووەتەوە کە وڵاتەکەی و وڵاتانی هاوپەیمانی پێکەوە گوشار دەخەنە سەر ڕێژیمی ئێران بۆ ئەوەی دڵنیابن ئایا ئێران ڕێز لە بەڵێننامەی نێوەنەتەویی خۆی لە بواری ناوکیدا دەگرێت.

ئەم ڕاگەیندراوە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی کە  فەرانسە، بریتانیا و ئاڵمان لە ڕۆژی دوشەممە ١٤ی جۆزەردان، بڕیارنامەیەکیان سەبارەت بە چالاکییە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی پێشکەش بە دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێونەتەویی وزەی ناوکی و چاودێری ناوکیی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد، بڵاو کراوەتەوە.

هەروەها پێشتریش ئەم سێ وڵاتە، لە ڕاگەیندراوێکی هاوبەشدا کە بۆ دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسیان ناردبوو باسیان لە جێبەجێکردنی بەڵێننامە ناوکییەکانی ئێران لە چوارچێوەی بەرجام دا کردبوو، داوایان لە ئێران کردبووو بەخێرایی سیاسەتی پەرەسەندنی گرژییە ناوکییەکانی بوەستێنێت و خۆی لە هەڕەشەی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی دوور بگرێت و بە تەواوی هاوکاریی ئاژانسی نێونەتەویی وزەی ناوکی بکات.

هەر لەم پێوەندیەدا محەممەد ئیسلامی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوکی ئێران ڕۆژی سێشەممە ١٥ی جۆزەردان ڕایگەیاند، ئەگەر بڕیارێک دەربچێت یان گوشارێکی سیاسی بخرێتە سەرمان بەدڵنیاییەوە کاردانەوەمان دەبێت و ئەوە ئێمە ئەو بابەتەمان ڕاگەیاندووە.

شایانی باسە ئەم قسانەی محەممەد ئیسلامی ڕۆژێک دوای لێدوانەکانی ڕافائیل گرووسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەویی وزەی ناوکی سەبارەت بە دۆخی بەرنامەی ناوکی ڕێژیمی ئێران و ئەگەری بڵاوکردنەوەی بڕیارنامەیەک لە دژی ئێران بوو.