دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی ئیسڕایل ڕایگەیاند كە تاقمە تاوانكارە سویدییەكانی ناسراو بە فۆكستڕۆت و ڕومبا، كاریان بۆ ئیران كردووە و بەكرێگراوی ڕێژیمی ئێرانن.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی جۆزەردان، دەزگای پۆلیسی ئاسایشی سوید ناسراو بە (سێپۆ) لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا پشتڕاستی كردەوە كە تاقمە تاوانكارەكان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ مەبەستی جێبەجێكردنی كوشتن و تیرۆر بەكارهێنراون و گەورەترین هەڕەشەبۆسەر ئاسایشی وڵاتی سویدن.
بەگوێرەی قسەكانی دانیەل ستێنلینگ بەرپرسی بەشی دژەسیخوڕی لە دەزگای سێپۆ، تەنانەت منداڵان كە گیرۆدەی ئەو گرووپانە كراون دەتوانن ببنە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی وڵات و چالاكیی مەترسیدار ئەنجام بدەن.
ناوبراو لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە کرد كە ئێران نە تەنها دژ بە ئیسرائیل و جوولەكە بەڵكوو بەرژەوەندیی چەند وڵاتی دیكەشی كردووەتە ئامانج و مەترسیی درووست كردووە.
سێپۆ جەختی لەوەش كردەوە كە ڕێژیمی ئێران ئەو گرووپە تاوانكارانە جگە لە مەبەستی بڵاوكردنەوەی ماددەی هۆشبەر و مامەڵەكردن بە چەک و تەقەمەنی، هاوكات بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی دژ بە وڵاتانی دیكە بەكار هێناون و لەڕاستیدا ئەو گرووپانە بەكرێگیراوی كۆماری ئیسلامیی ئێرانن و كردەوەكانیان بە بەشێک لە شەڕی نیابەتیی ڕێژیمی ئێران دژ بە دژبەرانی دەژمێردرێ.
لەو كۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەدا گونەر سترۆمەر، وەزیری داد سەبارەت بە هەڕەشە تیرۆریستییەكانی سەر سوید ڕایگەیاند كە لە مانگی ئاگۆستی پارەوە هەڕەشەكان لە ڕیزی چوارەم لە پێوانەی پێنج پلەییدایە.