کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی سێ وڵاتی ئورووپایی سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی ئێران

11:13 - 16 جۆزەردان 2724

سێ وڵاتی فەرانسە، ئاڵمان و بریتانیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕوو لە شۆرای حوکامی ئاژانسی وزەی ناوکی، سەبارەت بە ئاستی مەترسیداری بەرنامە ناوکییەکانی ئێران، هۆشدارییان دا.

ئەم سێ وڵاتە ڕۆژی سێشەممە ١٥ی جۆزەردان، بە ئاماژەدان بە کۆتاڕاپۆرتی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ناوکی لە بەیاننامەکەیاندا باسیان لەوە کردووە کە بەشێکی زۆر لە بەرنامە ناوکییەکانی ئێران بۆ وڵاتێک کە ئامانجی دروستکردنی چەکی ناوکی نەبێت، زیاتر لە ڕێژەی پێویستە.

لەم بەیاننامەدا هاتووە کە ئێران لە ئێستادا ٣٠ ئەوەندەی ئاستی ڕێگەپێدراو لە ڕێککەوتنی ناسراو بە بەرجامدا ئورانیۆمی پیتاندووە و هەروەها ئورانیۆمی ٦٠ لەسەدیشی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.

بەیاننامەی هاوبەشی سێ زلهێزی ئورووپا جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەوان بەردەوام بەشوێنی ڕێگە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەری کێشەی ناوکیی ئێران بوون، بەڵام ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا دوو جار لە ملدان بە پێبەندییەکانی بە بەرجام خۆی بواردووە و بڕیاری داوە کە بەرنامەی ناوکیی خۆی تا ئاستێکی مەترسیدار، پەرە پێ بدات.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا سێ وڵاتی ئاماژەپێکراو داوایان لە ئێران کردووە کە لە قۆناغی یەکەمدا بە خێرایی پەرەدان بە بەرنامە ناوکییەکانی ڕابگرێت و هەڕەشەی دروستکردنی چەکی ناوکی نەکات.

دوویەم، بگەڕێتەوە بۆ سنوورەکانی ڕێککەوتنی ناوکی ناسراو بە بەرجام، بەتایبەتی سنوورەکانی پیتاندنی ڕێگەپێدراو.

سێیەم، هەموو ئەو پێبەندییانەی کە لەلایەن ئێرانەوە سەبارەت بە ڕوونکردنەوە و هاوکاریکردن لەگەڵ ئاژانسدا قەبووڵ کراوە، دەبێت بۆ جارێکی دیکە بەڕێوە بچێت.

چوارەم، بە خێرایی پڕۆتۆکۆلی پێوەستکراو پەسەند بکات و جێبەجێی بکات.

پێنجەم، بڕیاری ڕێگەنەدان بە چاوەدێرانی باڵای ئاژانسی وزەی ناوکی، پووچەڵ بکاتەوە.

فەڕانسە، ئاڵمان و بریتانیا هاوکات لەگەڵ دەسپێکی ئەم خولە لە دانیشتنەکانی شۆرای حوکام لە ڤییەن، پێشنووسی بڕیارنامەیەکیان بە دژی بەرنامە ناوکییەکانی ئێران خستووەتە ڕوو کە بڕیارە لەم دانیشتنەدا بخرێتە بەر دەنگدان.

هاوکات لەگەڵ خستنەڕووی ئەم بڕیارنەمەیە و دانیشتنەکەی ڤییەن، بەرپرسانی ئێران هەڕەشەیان کردووە کە لە ئەگەری پەسەندکرانی وەها بڕیارنامەیەک بێدەنگ نابێت و کاردانەوەی جیددی و کاریگەری دەبێت.