کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی نرگس محەممەدی بۆ ڕای گشتی، بەشداریی کەمپینی یەکگرتوویی دژی ئازاردانی سێکسی بکەن

12:20 - 16 جۆزەردان 2724

 

ڕۆژی سێشەممە ١٥جۆزەردان، نرگس محەممەدی، براوەی خەڵاتی نۆبێل، داوای لە خەڵک کرد کە بەشداریی "کەمپینی یەکگرتوو دژی ئازاردانی سێکسی" بکەن بۆ دەسپێکردنی گێڕانەوەی گشتی و حوکمدان سەبارەت بە دەستدرێژی، بەتایبەتی لە زیندانەکان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا.

ئەم چالاکوانە مافی مرۆڤە لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام جەختی لەوە کردەوە دەستدرێژی سێکسی دەتوانرێت وەک ئامرازێکی وێرانکەر لەلایەن هێندێک ڕێژێمی سیاسییەوە بەکاربهێنرێت بەرامبەر بەو کەسانەی کە ناڕزایەتی دەردەبڕن.

 ناوبراو ڕایگەیاند، ئێستا دەستدرێژی و ئازاردانی سێکسی ئامرازێکە بۆ ئەشکەنجەدان و هەڕەشە و دانپێدانانی ڕێژیمی ئێران کە هەوڵدەدات بزووتنەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان پاڵ بنێتە دواوە.

٣٦ ژنی زیندانیی سیاسی لە زیندانی ئێڤین، ڕۆژی دووشەممە ١٤جۆزەردان، لە ڕاگەیەندراوێکدا داوایان کردووە، دادگای نرگس محەممەدی لە ١٩ی جۆزەردان لە بەردەم خەڵک و بە ئامادەبوونی شایەتحاڵان و گێڕانەوەی ئەو کسانەی کە دەستدرێژیان کراوەتە سەر و بە ئامادەبوونی میدیای سەربەخۆ بەڕێوە بچێت.

نرگس محەممەدی لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا چەندین جار دەسبەسەر و زیندانی کراوە و لە دوایین دۆسیەی دادگادا بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە و ئێستا لە زیندانی ئێڤینی تاراندایە.