کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵاتی "کۆنفرانسی زانستیی بیر و بەرهەم و داهێنانی عەزیز گەردی" پێشکێش بە مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە کرا

17:25 - 16 جۆزەردان 2724

"کۆنفرانسی زانستیی بیر و بەرهەم و داهێنانی عەزیز گەردی" لە زانکۆی سەلاحەدینی هەولێر دەستی بە کارەکانی کرد. لە بڕگەکانی سەرەتای کاری ئەو کۆنفڕانسەدا ڕێزنامەی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر لەسۆنگەی خزمەتە ئەدەبییەکانی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە، کەسایەتیی سیاسی و ئەدەبیی ناسراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکێش بە بەڕێزیان کرا.

بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی جۆزەردان لە دووهەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا عەزیز گەردی‌دا،  "کۆنفرانسی زانستیی بیر و بەرهەم و داهێنانی عەزیز گەردی" لە سەنتەری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی زانکۆی سەلاحەدین بە بەشداریی سەدان کەسایەتیی ئاکادیمی، سیاسی، نووسەر، ڕووناکبیر و ڕۆژنامەنووس دەستی بە کارەکانی کرد. لەم کۆنفڕانسەدا کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت،  لەو ٣٤ توێژینەوەیەی بە لێژنەی بەڕێوەبەریی کۆنفڕانس گەیشتبوو، لە ٦ پانێلدا ١٨ توێژینەوە لەسەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی بەرهەم و ژیانی ئەدەبیی مامۆستا عەزیز گەردی پێشکێش دەکرێت.

کۆنفڕانس بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" دەستی پێ کرد. لە بڕگەکانی سەرەتای کۆنفڕانسدا د. مزگین چالی وتاری دەستەی کارگێڕیی کۆنفڕانسی پێشکێش کرد و دواتر ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە وتارێکی کورتدا خزمەتە زۆر و پڕبایەخە ئەدەبییەکانی د. عەزیز گەردی بە مێژووی وێژەی کوردیی بەرز نرخاند. پاش پێشاندانی کورتەفیلمێکی دێکیۆمێنتاری لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی عەزیز گەردی،  کۆردۆ گەردی، برای د. عەزیز گەردی پەیامی پێزانینی بنەماڵەی گەردی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ئەو کۆنفڕانسەی خوێندەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی کارەکانی دەسپێکی کۆنفڕانسدا خەڵاتی ڕێزلێنانی کۆنفڕانسی عەزیز گەردی پێشکێش بە مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە، مامۆستا عەزیزی مەلای‌ڕەش، مامۆستا ئازاد بەرزنجی و د. فازیل عومەر کرا کە هەرکام لەو کەسایەتییانە دەیان ساڵ بە نووسین و وەرگێڕان خزمەتی ئەدەبی کوردییان کردوە و خەرمانێک کتێب و بەرهەمی بەپێزیاب پێشکێش بە ئەدەبیاتی نەتەوەی کورد کردوە.  بەڕێز مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە ڕێزنامەی تایبەتیی زانکۆی سەلاحەدینی لەدەست ئۆمید خۆشناو، پارێزگاری هەولێر وەرگرت.

لە ماوەی دوو ڕۆژ کاری کۆنفڕانسدا ١٨ توێژینەوە لەسەر دنیابینیی و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ژیانی زانستی و ئەدەبی و تاوتوێی بەرهەمەکانی د. عەزیز گەردی دەکرێ و پەردە لەسەر پەیکەرەی بەڕێزیان لە کۆلیژی زمان لا دەدرێت، هەروەها پێشانگایەکی کتێب تایبەت بە بەرهەمەکانی د. عەزیز گەردی لە ماوەی دوو ڕۆژ کاری کۆنفڕانسدا ئاوەڵایە.

د. عەزیز ئەحمەد عەبدوڵڵا، ناسراو بە عەزیز گەردی، نووسەر، زمانناس و وەرگێڕی دیار و پڕکاری کورد ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی (١٩٤٨ی زایینی) لە ناحییەی بەحرکە لە هەولێر لەدایک بوو و ڕۆژی ١٦ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی دوای پێنج رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە کۆچی داویی کرد. دوکتور محەممەد ئەحمەد مەنتک، سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانسی "بیر و بەرهەم و داهێنانی عەزیز گەردی" لەم کۆنفڕانسەدا ڕایگەیاند کە لە د. عەزیز گەردی پتر لە ٢٠٠ کتێبی چاپکراو بۆ نەتەوەکەی بە میرات ماوەتەوە.

شایانی باسە هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو کۆنفڕانسەدا بەشدار بوون و کاک محمەممەدساڵح قادری، بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە هەولێر چەپکەگوڵی پیرۆزبایی و پێزانینی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی پێشکێش بە مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە کرد.