کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕبەندی جیهانی خوێندکاران: زیاتر لە ٧٠ هەزار خوێندکار لە بزووتنەوەی ژینا بەشدارییان هەبووە

11:21 - 17 جۆزەردان 2724

بەپێی ڕاپۆرتی ئاماری کۆڕبەندی جیهانی خوێندکاران، زیاتر لە ٧٠ هەزار خوێندکار بەشدارییان لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی پاییزی ساڵی ١٤٠١دا لە ئێران کردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە نزیک بە ٤ هەزار خوێندکار لە لایەن ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە کراونەتە ئامانجی جۆرەها سەرکوتکردن.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە لە خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ تا ڕەشەممەی ساڵی ١٤٠٢ زیاتر لە ٨٠٤ خوێندکار دەسبەسەرکراون.

هەروەها بڵاوکردنەوەی زیاتر لە ٣٠٠ لێدوانی خوێندکاران و سەرکوتکردنی زیاتر لە ٥٨ مامۆستای زانکۆ بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەن.

ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن هەواڵنامەی "ئەمیر کەبیر"ەوە ئامادەکراوە و لە ماڵپەڕی کۆڕبەندی جیهانی خوێندکاران بڵاو کراوەتەوە، هەواڵنامەکەی ئەمیرکابیر بەشێک لەو زانیاریانەی لە ناوەندە ئەمنییەکانی وەزارەتی زانست بەدەست هێناوە.

ئەم ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات کە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١ و تا پاییزی هەمان ساڵ، بە گشتی ٥٧٠ خۆپیشاندان لە زانکۆکانی ئێران بەڕێوەچوو، کە بریتی بوو لە ٥٣٩ کۆبوونەوە لە زانکۆ دەوڵەتییەکان و ٣١ کۆبوونەوە لە زانکۆ تایبەتان.

ئامارە ئاشکراکراوەکانی ناوەندی حەراسەتی وەزارەتی زانست دەریدەخەن کە کۆی گشتی بەشداربووانی پاییزی ١٤٠١ خۆپیشاندان ٧٠ هەزار خوێندکاری تێپەڕاندووە.