کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوە و هەڵوێستەکان سەبارەت بە بڕیارنامەی شۆرای حوکام بە دژی کۆماری ئیسلامی

11:31 - 17 جۆزەردان 2724

پەسەندکردنی بڕیارنامەی پێشنیاریی سێ وڵاتی فەرانسە، ئاڵمان و بریتانیا لە شۆرای حوکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی سەبارەت بە بەرنامە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی، کاردانەوە و هەڵوێستی لێ کەوتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی جۆزەردان، پاش پەسەندی بڕیارنامەی شۆرای حوکام بە ٢٠ دەنگی ئەرێنی، وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە لەهەمبەر گوشاردا، بێدەنگ نابێت.

بێهرووز کەماڵوەندی وێڕای جەختکردنەوە لە سەر ئەوەی کە پەسەندکردنی ئەم بڕیارنامە هەوڵێکی تێکدەرانەیە زیادی کردووە کە لە ئەمڕۆوە هەوڵەکانمان لە چوارچێوەی چاوەدێریکردنی ئاژانسی وزەی ناوکی دەست پێکردووە، بەڵام وڵاتانی ڕۆژاوایی دەبێت بزانن کە لەهەمبەر گوشارەکاندا بێدەنگ نابین.

لەم چوارچێوەیەدا وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، پەسەندی بڕیارنامەکەی بەتوندی مەحکووم کرد.

لەم بەیاننامەدا جەخت لە سەر ئەوە کراوەتەوە کە پەسەندی ئەم بڕیارنامە هیچ کاریگەرییەکی لە سەر ویست و ئیرادەی کۆماری ئیسلامی بۆ درێژەدان بە بەرنامە ناوکییەکانی لە چوارچێوەی پێبەندییەکاندا، نابێت.

هەر لەم پێوەندییەدا و بەپێی ڕاپۆرتی ''نیۆیۆرک تایمز'' دەوڵەتی بایدێن پێش پەسەندی ئەم بڕیارنامە داوای لەو سێ وڵاتەی ئورووپا کردبوو کە شێوەقسەی توندی پێشنووسەکە هێور بکرێتەوە تاکوو ئەمریکا دەنگی ئەرێنی بدات بە پەسەندی بڕیارنامەکە.

ڕاپۆڕتەکەی نیۆیۆرک تایمز زیادی کردووە کە ئەمریکا بۆ پێشگرتن بە پەرەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەم داواکارییەی لەو سێ وڵاتە کردووە.

جێی ئاماژەیە کە ئەم بڕیارنامەیەش هاوشێوەی بڕیارنامەی پێشووی شۆرا لە خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١، بە شێوەی یاسایی ناتوانێت کۆماری ئیسلامی ناچار بە ڕچاوکردن و پێبەندکردنی نێوەڕۆکی بڕیارنامەکە بکات، بۆیە جۆ بایدێن ئەم داواکارییەی لەو سێ وڵاتە کردووە تاکوو شێوەقسەی توند لە بڕیارنامەیەکدا کە لە ڕووی یاساییەوە گەرەنتیی جێبەجێکردنی نییە، نەبێتە هۆی ئاڵۆزکردنی زیاتری ناوچەکە و پەرەدانی کۆماری ئیسلامی بە بەرنامە ناوکییەکانی لە ئێستادا.

جیا لەمانە نوێنەری ئەمریکا لە ئاژانسی وزەی ناوکی سەبارەت بە پەسەندکردنی بڕیارنامەکە، لە بەیاننامەیەکدا وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە بەرنامە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی گرفتێکی جیددی بۆ سەر ئەمنییەتی نێونەتەویی دروست کردووە ڕایگەیاند "ئێران تاکوو ئێستا هاوکارییە پێویستەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ئەنجام نەداوە و هەندێک لە بەرپرسانی هەڕەشەی گۆڕینی دوکتۆرینی ناوکی و دروستکردنی چەکی ئەتۆمییان کردووە کە جێگەی مەترسییە".

بڕیارنامەی پێشنیاریی فەرانسە، ئاڵمان و بریتانیا کە ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی جۆزەردان، لە شۆرای حوکامدا پەسەند کرا، لە سێ لاپەڕەدا باسی لە نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی جیهانی سەبارەت بە بەرنامەی ناوکی کۆماری ئیسلامی و چارەسەرنەکردنی کێشەکان و وڵامدەرنوبوونی ئێران کردووە.