کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی نووسەرانی ئێران: هاوکات لەگەڵ زیادبوونی سەرکوتەکان، خۆڕاگری بەردەوامە

12:31 - 17 جۆزەردان 2724

ناوەندی نووسەرانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیندراوێک  ئاماژەی بە خۆڕاگریی خەباتی ڕۆژانەی ژنان، خوێندکاران، بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و خانەنشینان و کاردانەوەی بەربڵاوی خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرەڕای سانسۆر و سنووردارکردنی ئینتێرنێت لە ئێران کرد و ڕایگەیاندووە کە هەموو ئەمانە بەڵگەن لەسەر بەردەوامیی ئازادیخوازی خەڵک.

 

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە ئەم ڕۆژانە لەگەڵ زیادبوونی سەرکوت، خۆڕاگری بەردەوامە و لەم ڕێگە پڕ لە هەوراز و نشێوەدا هەمووکات بوون و خۆڕاگری ژنان کاریگەریەکی زۆری هەبووە، و سەرەڕای هەبوونی ساڵانێک سەرکوتکردنی سیستماتیک و قەدەغەکردن و هەڵاواردنی سیستماتیک و پێشێلکردنی سەرەتاییترین مافەکانیان، هەرگیز پاشەکشێیان نەکردووە.

 

هەروەها لەبارەی خۆڕاگریی خوێندکاران لە بزوتنەوەی ''ژن، ژیان،ئازادی''دا ڕایانگەیاندووە کە خوێندکاران لە زانکۆکاندا بەرخۆدانێکی لەبیرنەکراویان لە خۆیان نیشاندا و هاواری ئازادیخوازی و گرینگی بەدیهاتنی ئازادیی ڕادەربڕین لە هەموو گۆشە و سووچەکانی ئەم وڵاتەوە دەبیسترا.

ناوەندی نووسەرانی ئێران لە بەشێکی دیکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و کەمبوونەوەی ناڕەزایەتی گشتی خەڵک، ڕێژیمی ئێران لەم دوو ساڵەدا سەرکوتکردنەکانی کەم نەکردووەتەوە، ئێستاش جارێکی دیکە هێزەکانی گەشتی ئیرشادی گەڕاندووەتەوە بۆ شەقامەکان و جگە لە لێدان و ئازاردانی خەڵک بە دانانی گەڵاڵەی ''نوور'' کە هیچ ڕووناکاییەکی تێدا نییە ڕۆژگار و ژیانی ژنانی تاریک و ڕەش کردووە.

 

ئەوە ناوەندە بە باسکردن لە سەپاندنی کەشێکی سەربازی بە سەر زانکۆکاندا و دەرکردن و دوورخستنەوەی خوێندکاران لە خوێندن و زیندانیکردنی ئەو ژنانەی کە حیجابی زۆرەملێ بەرچاو ناگرن ڕاگەیاند کە زانکۆکان لە ئێستادا بۆ ژنان بووەتە بە زیندانێک.

 

لە کۆتاییدا ناوەندی نووسەرانی ئێران ڕایاگەیاندووە کە پێداگریی خۆیان لەسەر مافی ئازادی ڕادەربڕین بەبێ هیچ سنووردارکردن بۆ هەمووان دووپات دەکاتەوە و ڕایگەیاند کە پشتیوانی لە داخوازییەکانی ژنان دەکات.