کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەختکردنەوەی ئەمریکا بۆ بەردەوامیی لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران

10:55 - 12 جۆزەردان 2724

ئابرام پیلی جێگری تایبەتی نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران ڕۆژی هەینی پێشوازیی لە گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا بۆ سەر تاک و دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد.

ئابرام پیلی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسدا نووسیویەتی: '' ئێمە پێشوازی لە گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا بۆ سەر چەند کەس و دامەزراوەی ئێرانی کە دەستیان لە پەرەپێدانی مووشەک و دڕۆن و هەروەها بڵاوکردنەوەیان لەنێو میلیشیا و گرووپە تێرۆریستییەکاندا هەبووە دەکەین.

 جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران وتوویەتی: ئەمریکا لە بەرەنگاریی لەگەڵ پانتایی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی دژی ئاشتی و خۆشگوزەرانی و ئەمنییەتیی جیهانی بەردەوام دەبێت.

یەکیەتیی ئورووپا ڕۆژی هەینی ١١ی جۆزەردان ڕایگەیاند کە ژمارەیەک دامودەزگا و چەند کەس لەوانە وەزیری بەرگریی کۆماری ئیسلامی و فەرماندەی هێزی قودسی سپای پاسدارانی بە هۆی ناردنی مووشەک و دڕۆن کە لە دژی ئیسرائیل و ئۆکراین و لە هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور بەکار دەهێنرین، تەحریم دەکات.

هەروەها یەکیەتیی ئورووپا قەرارگای خاتەمولئەنبیای سپای پاسداران و غوڵام عەلی ڕەشید فەرماندەی ئەو قەراگایەی خستووەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییە دەرەکییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی هەینی بە شێوەیەکی سەربەخۆ ڕایگەیاند کە گەمارۆی خستووەتە سەر چوار شیرکەتی پێوەندیدار بە شیرکەتی ڕایان ڕۆشد ئەفزار (RRA) کە پێشتر گەمارۆی خرابووە سەر.