کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو کەس لە سرکردەی باندە جیانیەتکارەکان لە سوید خزمەت بە ڕێژیمی ئیران دەکەن

12:42 - 17 جۆزەردان 2724

پۆلیسی سوید بە پشتبەستن بە داتا و ڕاپۆرتەکانی مووساد ڕایگەیاند کە دوو لە سەرکردەی باندە تاوانکارییەکانی سوید چوونەتە ڕیزی ڕێژیمی ئێران و کاری تێرۆریستی و توندوتیژی بۆ ئەو ڕێژیمە ئەنجام دەدەن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەزگای هەواڵگری سوید ئاشکرای کرد کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەنجامدانی عەمەلیاتی توندوتیژانە دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و دژبەرانی ئێران لە باندە تاوانکارەکان بەتایبەتی منداڵان لە سوئێد کەڵک وەردەگرێت.

لەو پێیوەندیەدا، ڕۆژنامەی مەسیحی فەرانسە "لاکروا" لە ژمارە نوێ خۆیدا، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ جۆزەردان، بە ئاماژەدان بەم بابەتە نووسیویەتی، بەهۆی ئەمەوە گرژییە سیاسییەکانی نێوان سوید و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرزبووەتەوە.

حەوتووی ڕابردوو دەزگای هەواڵگری سوید ڕایگەیاند کە جگە لە سوید کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ڕەخنەگرەکان یان ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران بە هەڕەشە لە دژی دەزانێت پەنای بۆ توندوتیژی و کاری تێرۆریستی لە وڵاتانی دیکەی ئورووپا بردووە.

بەرپرسی دەزگای هەواڵگری سوید لە چەند مانگی ڕابردوودا بە ئاماژەدان بە هێندێک تەقەکردن لە دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ستۆکهۆڵم ڕایگەیاند، شەڕی غەززە بووەتە جیهانی و سویدیش بووەتە گۆڕەپانی ئەم شەڕە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵگری سوید، ئەم وڵاتە توانیویەتی بەشێک لە هەوڵەکانی ئیدارەی  ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بۆ کردەوەی تێرۆریستی لە سوید لە ڕێگەی هێزی بە وەکالەت و باندە تاوانکارەکانەوە پووچەڵ بکاتەوە.