کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ١٠٠ هیکتار لە دارستانەکانی ئاودانان لە ئاگردا سووتا

12:47 - 17 جۆزەردان 2724

زیاتر لە ١٠٠ هیکتار لە دار بەڕووەکانی دارستانانەکانی نێوان ئاودانان و دەڕەشار بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لەو ناوچەیە سووتان.

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی جۆزەردان، ئاگر لە دارستان و لەوەڕگەکانی داوێنی "کەڤر کێو"ی لە ناوچەکانی ناسراو بە هۆنگە لە نێوان شارەکانی ئاودانان و دەڕەشاری ئیلام، کە بووە هۆی سووتان و لەنێوچوونی زیاتر لە ١٠٠ هیکتار لە داربەڕووەکانی ئەو ناوچەیە.

ئاگرەکە پاش یەک ڕۆژ لەلایەن خەڵکی ناوچەکە و گرووپە خۆبەخشەکانەوە کۆنتڕۆڵ کرا، بەڵام بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردان بەهۆی هەڵکردنی باوە، دەستی پێ کردەوە و بۆ جارێکی تر لەلایەن خەڵکەوە کۆنتڕۆڵ کرا.

لەم پێوەندییەدا یاسر خان محەممەدیان بەڕێوبەری گشتیی ڕێکخراوی سەرچاوە سرووشتییەکانی ڕێژیم لە ئیلام، لە چەواشەکارییەکدا سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوەکە و بۆ سازکردنی ناکۆکی لەنێوان خەڵکی ناوچەکەدا ڕایگەیاندووە کە ئەگەری هەیە ئاگرەکە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەەوە و بەهۆی کێشە و ناکۆکییەوە، کرابێتەوە.

جیا لە بابەتی بەئەنقەستبوونی ئەم ڕووداوە، ساڵانێکە کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی سەرکوت و وێرانکردنی سامانە سرووشتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاگردانی دارستانەکانی ئەو ناوچانەی وەک سیاسەتێک بەشێوەی سیستماتیک بەکار هێناوە.

جێی ئاماژەیە کە بەهۆی سەخڵەتی و هەڵەمووتیی ناوچەکانی کەڤر کێو، پێویستە کە لە کەرەستەکانی ئاگرکوژێنەوە لەلایەن دامەزراوە پێوەندییەدارە دەوڵەتییەکانەوە کەڵک بگیرێت، بەڵام ڕێژیم هیچ کات بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی کوردستان لەم ئامرازانە کەڵک وەرناگرێت و خەڵکی کوردستان خۆیان بە دەستی بەتاڵەوە بەرەوڕووی ئەم کارەساتانە دەبنەوە.