کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمیی ئەنسۆلین لە ئێران بووەتە مەترسییەک بۆ سەر ژیانی نەخۆشانی دیابێتی

16:20 - 17 جۆزەردان 2724

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی جۆزەردان، ڕۆژنامەی "هەم میهەن" بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ئاماژەی بە کەمبوونی ئەنسۆلین و نەواری پشکنینی شەکرە کرد و ڕایگەیاندووە کە بەپشککردنی دەرمانی ئەنسۆلینی دەرەکی لە ئێراندا نەخۆشەکانی ناچار کردووە کە بۆ بەدەستهێنانی ئەو دەرمانە سەردانی دەرمانخانەکانی ناوچە جیاوازەکانی تاران بکەن تا بتوانن دەرمان بەپێی پیویستی خۆی دابین بکەن.

لەلایەکی دیکەوە ئەنسۆلینی بەرهەمی نێوخۆ لەلایەن پزیشک و نەخۆشەکانەوە پێشوازیی لێ ناکرێ و پزیشکانیش جەخت لە سەر کڕینی نمونە دەرەکییەکان دەکەن، بەڵام دەرمانخانەکان ڕێژەیەکی زۆر سنووردار لە ئەنسۆلینی دەرەکییان هەیە.

ئەم دۆخە لە حاڵێکدایە کە ئەنسۆلین وەک هەناسەکێشان بۆ نەخۆشە دیابێتییەکان پێویستە و دەرمانێکە کە ئەگەر نەبێت ژیانی نەخۆشەکان دەکەوێتە مەترسییەوە و هەروەها وەرنەگرتنی تەنانەت یەک ژەمی ئەنسۆلین دەتوانێت مەترسی لە سەر ژیانیان دروست بکات و ببێتە هۆی ئەوەی کە بچنە کۆما یا زیان بە جەستەیان بگات.

لە وەها کاتێکدا بە وتەی ئەسعەدوڵڵا رەجەب دامەزرێنەری ئەنجومەنی دیابێتی ئێران ساڵانە ژمارەی تووشبووان بە دیابێت لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ کەس زیاد دەکات و تێچووی کڕینی ئەنسۆلین و نەواری پشکنین و دەرزیی کۆنترۆڵکردنی قەند و ئامێری تاقیکاری دیابێت بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.

ڕۆژنامەی هەم میهەن لە زاری سەرۆکی سەندیکای بەرهەمهێنانی دەرمان نووسی: "کەمبوونی دەرمانی تایبەت بۆ نەخۆشانی دیابێتی بەدەستی ئێمە نییە و دەبێ لە ڕێکخراوی خوارک و دەرمان پرسیار بکەن کە ئەویش هیچ وڵامێکی بۆ ئەم دۆخە نەبووە".

شایانی باسە بەپێی دوایین ئاماری ئەنجومەنی هۆشیارکردنەوەی دیابێت ڕێژەی تووشبوان بە نەخۆشیی دیابێت لە ئێران لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوودا ٧/٥ ملیون کەس بووە

 و نزیک بە ٢٥لەسەدی خەڵکیش ئاگادار نین کە تووشی ئەو نەخۆشییە بوون کە ئەمەش ڕەوتێکی مەترسیدارە.