کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، داواکاریی ڕێکخراوی ئاشتی بۆ وەگەڕخستنەوەی دۆسییەی تێرۆری دوکتور قاسملووی واژۆ کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردان، کاک مستەفا هیجری، بە مەبەستی پەیوەستبوون بە هەڵمەتی واژۆکردنی داواکاریی ڕێکخراوی ئاشتی بۆ وەگەڕخستنەوەی دۆسییەی تێرۆری دوکتور قاسملوو لە ٣٥ ساڵەی تێرۆری ئەم ڕێبەرەی گەلی کورددا، داواکاریی ئەم ڕێکخراوەی واژۆ کرد.
ڕێکخراوی ئاشتی لە سویس بە مەبەستی وەگەڕخستنەوەی دۆسییەی تیرۆری دوکتور قاسملوو و بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران لە ئورووپا، داوای هاوکاریی لە کوردستانییان کردووە.
ڕێکخراوی ئاشتی لە وڵاتی سویس لە بەرەبەری ٣٥ ساڵەی تێرۆری شەهیدی ڕێبەر، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لەلایەن دیپلۆمات – تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، لە ڕێگای کۆکردنەوەی واژۆوە هەوڵی وەگەڕخستنەوەی دۆسییەی ئەم تێرۆرە و بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی داوە.
ڕێکخراوی ئاشتی داوای لە هەموو تاکێکی بەهەڵوێستی کورد کردووە کە بەشداری لە واژۆکردنی "هەوڵی وەگەڕخستنەوەی دۆسییەی شەهید دوکتور قاسملوو و بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران" لەلایەن وڵاتانی ئورووپایی و بەتایبەت وڵاتی سویسەوە بکەن.