هەگبەی شاخ و شۆڕش
عوسمان دادخا (هەڵوەرینی گوڵێک لە باخچەی فەرماندەراندا)
برایم چووکەڵی
له‌و جیهانه پان‌وبه‌رینه‌دا ده‌سه‌ڵاتداره دیکتاتۆر و خوێنخۆره‌کانی لێ ده‌رچن، که‌س نییە حه‌ز له شه‌ڕ و خوێنڕشتن بکات. ئێمەی کوردیش قه‌ت شه‌ڕ و خوێنڕشتنمان پێ خۆش نه‌بووه، به‌ڵام مه‌خابن دایم به‌سه‌ریاندا سه‌پاندووین و ناچاریان کردووین بۆ مانی خۆمان ده‌ست بۆ چه‌ک به‌رین و به‌رگری له خۆی بکەین. له‌و ڕێگایه‌شدا به‌شێکی زۆر له باشترین ڕۆڵه‌کانمان گیانیان داناوە. مێژووی کوردان پڕه له نموونه‌ی ئه‌وتۆ، هه‌ر بۆیه‌ش له بیریان ناکه‌ین و یادیان بەرز ڕادەگرین. لە هەگبەی "شاخ و شۆڕش"ی ئەم ژمارەیەدا یادی یەک لە ڕۆڵەکانی گەل، "شەهید عوسمان دادخا" دەکەینەوە.
عوسمان دادخا زورجار لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لاوان لە جەرگەی خەباتدا دەیگوت: "غه‌درلێكراوانی گۆی زه‌وی له ڕه‌وتی مێژووی مرۆڤایه‌تیدا لەپێناوی دابینكردنی ژیانێكی خۆش بۆ خۆیان و گەیشتن بە ئامانجه پیرۆزەکانیان واته ڕزگاریی نیشتمان و دابینبوونی ئازادی و به ئازادی ژیان، باشترین ڕۆڵه‌كانی خۆیان كردۆته قوربانی". ئەو پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرد ئه‌گه‌ر گه‌لانی به‌ئاوات‌گه‌یشتوو شانازی به ڕابردوو و مێژووی خه‌باتی خۆیان و هەست بە سه‌ربه‌رزی و سه‌رفرازی دەکەن، له سایه‌ی فیداكاری و خۆبه‌ختكردنی ئه‌و مرۆڤه نه‌مرانه‌وه‌یه. هه‌ر بۆیه‌ش عوسمان قۆڵی لێ هه‌ڵماڵیبوو وڵاتەکەی ئازاد ببێت و لەم ڕێگایەشدا یا سه‌ر بکه‌وێ یا سه‌ر دابنێت.
عوسمان دادخا ساڵی ١٣٣٩ی هه‌تاوی له بنه‌ماڵه‌یه‌كی وه‌رزێڕ و زه‌حمه‌تكێشی گوندی عه‌مبار سەر بە ناوچه‌ی" ئه‌حمه‌دی كۆڕ"ی بۆکان له‌دایک بوو. عوسمان قۆناغەکانی خوێندنی هەتا دیپڵۆم سەرەتا لە گوندەکەیان و دواتر لە شاری بۆکان بڕی و كاتێک خۆپێشاندانه‌كان لە دژی ڕێژیمی پاشایه‌تی ده‌ستیان پێ كرد، بە تین و گوڕەوە به‌شداریی تێیاندا كرد و دەوری به‌رچاو و سه‌ره‌كیی له ڕێكخستنی خۆپێشاندانه‌كاندا هه‌بوو.
به ئاشكرابوونی تێكۆشانی حیزبی دێموكرات و دامه‌زرانی ڕێكخراوی حیزبی له شاری بۆكان، عوسمان پێوه‌ندیی به یه‌كیه‌تیی لاوانی دێموكراته‌وه گرت و وه‌ک لاوێكی شۆڕشگێڕ تێكۆشانی سیاسیی خۆی ده‌ست پێ كرد. عوسمان لە ماوەیەکی کورت‌دا ئەوەندەی لێهاتوویی و دڵسۆزی لە خۆی نیشان دابوو که بتوانێ ساڵی ١٣٥٩ له کۆنفرانسی کومیته شارستاندا به ئه‌ندامی کومیته شارستانی بۆکان هه‌ڵبژێردرێ و له به‌شی کۆمه‌ڵایه‌تیدا کاری پێ بسپێردرێ. له‌و ماوه‌یه‌شدا که بۆکان له ده‌ستی هێزی پێشمه‌گه‌دا بوو، عوسمان به‌وپه‌ڕی تواناوه گیروگرفتەکانی خه‌ڵکی چاره‌سه‌ر ده‌کرد. لەو سۆنگەیەشەوە توانی زۆر زوو متمانە و ڕێز و خۆشه‌ویستیی خەڵک و هاوڕێیانی بۆ لای خۆی ڕاکێشێ.
ئه‌گه‌رچی عوسمان کادری سیاسی بوو، به‌ڵام هه‌رکات شه‌ڕ له نێوان هێزی ڕێژیم و پێشمه‌رگه‌دا ڕووی ده‌دا زۆر زوو خۆی ده‌گه‌یانده به‌ره‌کانی شه‌ڕ و شانبه‌شانی پێشمه‌رگه شه‌ڕی ده‌کرد. هەستکردن بە بەرپرسایەتی، بردنەسەری ئاگایی سیاسی، خاکی و خەڵکیبوون، بوێری و ڕاشکاوبوون، لەسەرەخۆ و بە ئەخڵاق‌بوون، فیربوون و فێرکردن لە تایبەتمەندییەکانی عوسمان بوو.
بە هێرشی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر شاری بۆکان، عوسمان له سه‌ر داخوازی خۆی چووه نێو هێزی پێشمه‌رگه و له هێزی به‌یاندا سازمان درا. ئەو له شه‌ڕه‌كانی ناوچه‌دا به‌شداریی چالاكانه‌ی كرد و هه‌میشه له سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌دا بوو. ئازایه‌تی و فیداكاریی عوسمان بوو به‌هۆی ئه‌وه وه‌ک سه‌رپه‌ل دیاری بكرێ و به سه‌رپه‌لیی عوسمان چه‌ندین عه‌مه‌لیاتی قاره‌مانانه له ناوچه‌ی بۆكان به‌ڕێوه چوو و لەسۆنگەی سەرکەوتنەکانی وه‌ک فه‌رمانده‌ری لكی ٣ی هێزی به‌یان دیاری کرا. ئه‌و له شكاندنی ستوونی ٨٠١ی شیراز، شه‌ڕه حه‌ماسیه‌كانی نێوشاری بۆكان، شه‌ڕی جاده‌ی بۆكان ـ مه‌هاباد، جاده‌ی سه‌قز ـ بۆكان، گرتنی مۆڵگه‌ی قۆچاغ و شه‌ڕی شاریكه‌ند و چه‌ندین شه‌ڕی گه‌وره و بچووكی دیكه‌دا ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌بوو. ئەو له‌شه‌ڕ ڵه‌گه‌ڵ دوژمن‌دا چه‌ند جار بریندار بوو، بەڵام لەگەڵ ساڕێژبوونی برینەکانی دیسانەکە لە بەرەکانی شەڕ و بەرگریدا خۆی دەدیتەوە؛ هاوکات له بواری سیاسیش‌دا ڕۆژ له‌گه‌ڵ رۆژ پله‌ی زانیاریی خۆی دەبردە سەرتر.
عوسمان دادخا به‌هۆی لێوه‌شاوه‌یی له به‌هاری ١٣٦٢ دا بوو به جێگری هێزی هه‌ژار سه‌ر به ده‌فته‌ری سیاسی و له‌و پۆستەشدا لێوه‌شاوه‌یی خۆی وه‌ک جاران نیشان دایەوە. ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دیمۆکرات به‌و ناسین و متمانەیە کە لەسەر عوسمانی دادخا وەدەستی هێنابوو، دوای شەهیدبوونی فەرماندەری قارەمان ئێقباڵی که‌رێم‌نه‌ژاد بە فەرماندەری هێزی شەریفزادەی دیاری کرد. ئەو کاتێک حوکمی فه‌رمانده‌ریی هیزی شه‌هید شه‌ریفزاده‌ی وه‌رگرت و به‌ره‌و ناوچه‌ی سنه وه‌ڕێ که‌وت، ئەگەرچی شاره‌زای ئه‌و ناوچه‌یه نه‌بوو، به‌ڵام بە ئیرادەیەکی چیاییەوە شانی وەبەر ئەو بەرپرسایەتییە دا، چونکە به‌باشی ده‌یزانی چ ئەرکێکی گرینگی که‌وتۆته سه‌رشان. مخابن کە هێشتا دوو مانگ له تێکۆشانی عوسمان دادخا له هێزی شه‌ریفزاده تێ‌نەپەڕیبوو که تێکه‌ڵ به کاروانی شه‌هیدانی کور‌دستان بوو.
رۆژی ١٨ی خه‌زه‌ڵوه‌ر عوسمان دادخا له‌گه‌ل ٦ که‌س له هاوسه‌نگه‌رانی بۆ شناسایی پێگه و دامه‌زراوه‌کانی ڕێژیم چوبوونە ناوچه‌ی حوسێناوا‌ی سنە. له گه‌ڕانه‌وه‌دا شه‌و‌یان به‌سه‌ردا دێ و له گوندی "کێله‌چه‌رموو" ده‌مێننه‌وه. به‌داخه‌وه به‌هۆی خۆفرۆشانەوە دوژمن هه‌ست به‌بوونیان دەکا و سه‌عات ٣ی نیوه‌شه‌وی ١٩ی خه‌زه‌ڵوه‌ر ده‌وری ئه‌و گونده و به‌تایبه‌تی شوێنی مانه‌وه‌یان ده‌ده‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌دیلیان بگرن. به‌ڵام ئه‌وان کە ەله سه‌روان ئێقبال که‌ریم‌نه‌ژادوە فێری نەبەزی ببوون، سەنگەریان لە دوژمن گرت، لەو شه‌ڕە نابه‌رانبه‌ردا به‌داخه‌وه عوسمانی‌دادخا فه‌رمانده‌ری هیزی شه‌ریفزاده له‌گه‌ڵ سەرجەم هاوڕێیانی به ناوه‌کانی: سه‌ید ئه‌میری عه‌بدی فه‌رمانده لک، محەممەد ڕه‌حیمی جێگری لک، سه‌ید خالید حوسێنی سه‌رپه‌ل، سمایل ناسری پێشمه‌رگه‌ی ئه‌رکانی هێز، وه‌ستا سالح ناسری و محه‌ممه‌د سالح ته‌هماسبی شه‌هید بوون و ڕێگای خه‌باتیان به هاوسه‌نگه‌رانیان سپارد.