کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاغازادەکانی کۆماری ئیسلامی هێشتا بە دوای ژیان لە وڵاتانی ڕۆژاوایین

10:47 - 19 جۆزەردان 2724

حەفتەنامەی ئیکۆنۆمیست لە زاری یەکێک لە وەزیرەکانی پێشووی کۆماری ئیسلامییەوە وتوویەتی، تەنیا لە ئەمریکا پێنج هەزار ئاغازادە لە وڵاتێک کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بە شەیتانی گەورە ناو دەبردرێت، دەژین.

حەفتەنامەی ئیکۆنۆمیست نووسیویەتی، هەرچەندە ئێران ئێستا میحوەری پێوەندییەکانی بەرەو ڕووسیە و چین داناوە، بەڵام ئاغازادەکانی کۆماری ئیسلامی کە هەموو بەیانییەک لە قوتابخانەدا دروشمی مەرگیان بۆ ئەمریکا دەوتەوە، ئێستاش دەیانەوێت دوای تەواوکردنی خوێندنەکەیان، بۆ وەدیهێنانی ''خولیای ئەمریکایی'' ڕوو لە وڵاتانی ڕۆژاوایی بکەن.

 بەو پێیە کەسوکاری نزیکی عەلی لاریجانی و محەممەدباقر قالیباف، دوو کەس لە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی داهاتووی ئێران لە وڵاتی بریتانیا و کانادا و کۆمەڵێک لە ئەندامانی بنەماڵەی عەلی خامنەیی لە بریتانیا و فەرانسە دەژین و نەوەکانی خومەینیش لە کانادا نیشتەجێن.

بەشێک لە ئاغازادەکانی کۆماری ئیسلامی کە ئێرانیان بەجێ هێشتووە، لە ناوەندە ئیسلامییەکانی ئەم وڵاتە لە پێیتەختەکانی ڕۆژاوا، فێرکارییەکانی کۆماری ئیسلامی بڵاو دەکەنەوە. دەوترێ هێندێکی دیکە بۆ نموونە بە دانانی ماڵپەڕی قومار، یارمەتی سپیکردنەوەی پارە بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکانی کۆماری ئیسلامی دەدەن.

زۆرێک لەو کەسانە بە ئامانجی خوێندنی باڵاتر وڵاتیان بەجێهێشتووە؛ براکەی عەلی لاریجانی یەکێک لەوانە کە لە زانکۆی کالدونیان گلاسکۆ لە سکاتلەند وانەی ئەمنییەتی سایبێری دەڵێتەوە.

دەستەیەک لە ئاغازادەکان تەنیا بۆ دەستکەوتنی ئەو دەرفەتانەی کە لە ئێراندا نەبوون، ئێران بەجێ دەهێڵن و لەژێر چاودێریدا نامێنن و دیمەنی ژیانی لووکس لە فەزای مەجازیدا بڵاو دەکەنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیکۆنۆمیست، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی لە ئێران، کۆچبەریی کەسوکاری کاندیدەکان یان پێوەندیان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوایی ڕەنگە ببێتە کێشە بۆ کاندیدەکان.