کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی مامۆستا خزرنژاد لە دیوانی باڵا

11:13 - 19 جۆزەردان 2724

سزای لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ بەندکرانی مامۆستا محەممەد خزرنژاد، مامۆستای ئایینیی کوردی خەڵکی بۆکان لەلایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەرعەلی ڕازینی پشتڕاست کرایەوە.

مامۆستا خزرنژاد کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەسبەسەر کرابوو ڕۆژی ٢٩ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٢ لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەزا نەجەفزادە بە تۆمەتەکانی وەک "افساد فی الارض"، "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی زیانگەیاندن بە سەروەری و سەربەخۆیی وڵات" و  "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ بەندکران سزا درابوو.

پاش دەرچوونی سزای لەسێدارەدان بۆ مامۆستا محەممەد خزرنژاد، ٢٣٥ کەس لە مامۆستایان و زانایانی ئایینیی سوننە مەزهەبی کوردستان، لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکایەتیی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی و بەرپرسانی ئەمنییەتی، وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەندامبوونی مامۆستا محەممەد خزرنژاد لە گرووپە توندئاژۆکان، ڕایانگەیاندووە کە ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی مامۆستا محەممەد نادادپەرواەرانە بووە و دژایەتیی لەگەڵ یاساکانی خودی ڕێژیم بووە دەبێ ئەم ڕەوتە لە دادگای تایبەت بە "ڕۆحانییەت" بەڕێوە بچێت.

جێگای باسە کە دادگا بە پشتبەستن بە دانپێدانانی زۆرەملێی وەرگیراو لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، تۆمەتەکانی وەک پێوەندیی لەگەڵ گرووپە توندئاژۆ ئایینییەکان، ڕێبەریکردنی خۆپیشاندانەکانی بۆکان و ئەو زیانانەی کە بەر شوێنە گشتییەکان کەوتوون، بەسەر مامۆستا خزرنژاددا سەپاندووە.

مامۆستا خزرنژاد لە ماوەی سێ مانگ و نیو لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، ئەشکەنجە دراوە و پاشان لە بەندی وەرگرتنی ٢ی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، بەندی ئەو بەندکراوانەی کە چارەنووسیان ناڕوونە و بە بێ ڕەچاوکردنی یاسای جیاکردنەوەی تاوانەکان ڕاگیراوە.

مامۆستا خزرنژاد، لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا بە بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پرسەی گیانلەدەستداوان وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییان، خوازیاری ڕاگرتنی کوشتاری هاووڵاتییانی مەدەنی بووە و ڕایگەیاندبوو کە "لەجیاتی بەکارهێنانی سەرکوت، بیر لە ڕێکاری لۆژیکی و چارەسەری کێشەکان بکەنەوە".