کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەزاکا سەبارەت بە مەحکوومکردنی سزای سەپێندراو دژی مامۆستا محەممەد خزرنژاد

11:15 - 19 جۆزەردان 2724

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستان ڕۆژی هەینی ١٨ی جۆزەردان بە بڵاکردنەوەی پەیامێک سەبارەت بە پەسندکردنی سزای سێدارەی مامۆستا محەممەد خزرنژاد، سەپاندنی ئەم سزایە بەسەر ئەم مامۆستای کوردەی مەحکووم کرد.

یەزاکا لەم پەیامەدا باسی لە دەسبەسەرکرانی ئەم مامۆستا ئایینیە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەو سەزایە جارێکی تر لەلایەن دادگای باڵای پێداچوونەوەی ڕێژیم پشتڕاست کرایەوە و مۆری پەسەندی لێدرا، ئەوەش بە واتای ئیجڕایی بوونی سەزاکەی ناوبراو دێت.

یەزاکا لە درێژەدا باسی لە دژایەتی رێژیم لەگەڵ کورد و بەتایبەت کوردە سوننە مەزهەبەکان لە ماوەی ٤٥ ساڵی رابردوودا کردووە و ڕایگەایندووە: بێ شەرمیی ئاخوندە دواکەوتووەکانی ئەم ئایدۆلۆژییە دژە ئیسلامییە بەنیسبەت ئەسحاب و یار و یاوەرانی پێغەمبەری ئیسلام، بۆ گشت لایەک ئاشکرایە کە چۆن دەڕوانێتە ئیسلامی ڕاستین و بە پاڵپشتیی گشت دوژمنانی سەرەکیی ئیسلام وەکو وڵاتانی کۆمۆنیستی لە جیهاندا خەریکی لەناوبردنی کەسایەتییە بەرزەکانی سووننە مەزهەبە، ئەم ڕێژیمە بە ناو ئیسلامییە سوێندی لەسەر وێرانکردن و لە ناوبردنی ئیسلام خواردووە و لە مێژووی ئیسلامیشدا ئەم ئایینە دوژمنی وەها چەپەڵی بە خۆیەوە نەبینیوە.

ئەم یەکیەتییە لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە: ئێمە وەک یەکیەتی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، وێڕای ئیدانەکردنی ئەم سزا سەپێندراوە بە سەر جەنابی مامۆستا محەممەد خزرنژاد، داوا دەکەین خەڵکی کورد بە تایبەتی و مسوڵمانانی ئێران و جیهان بە گشتی ڕێگری بکەن لە وەها سزایەکی ناشەرعی و دوژمنکارانەی کۆماری جەهل و جینایەتی ئاخوندە خوڕافییەکانی ویلایەتی فەقیهی ئێران و هەروەها داواکارین گشت ڕێکخراوە مرۆڤدۆست و حیزب و لایەنە سیاسی و ئازادیخوازیەکان بە هاواری مامۆستا محەممەد بگەن و کەیسی ناوبراو لەناو کومەڵگە و ڕێکخراوی مافی مرۆڤ وەگەڕ بخەن چونکە بە بێ تاوان و تەنیا تاوانی کوردبوون و موسڵمان بوونی بەڕێزیان، هۆکاری وەها سەزایەکی نادادپەروەرانەیە.