ڕۆژی هەینی ١٨ی جۆزەردان، بەشێک لە دارستانەکانی شاخەکانی پاوە لەلایەن نەیارانی ژینگەی کوردستانەوە ئاگریان تێ بەردا.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ئەم ئاگرکەوتنەوەیە لە ناوچەکانی بەلەبزان و مەرەخیڵ ڕوویان داوە و خەڵک و ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکانی ئەم ناوچەیە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەیان داوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی ژیوای پاوە، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک باسی لە ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی وشکەناو کرد و ڕایگەیاند کە سەرەڕای ئامادەبوونی چەندین تیم لە ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە و خەڵکی خۆبەخش، بەهۆی هەبوونی بای بەهێز و چڕیی دارستانەکان، ئاگرەکە بە خێڕایی بەرەوپێش دەچێت.
ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی زاگرۆس ماوەی چەند ساڵێکە کە لەلایەن دژبەران و نەیارانی ژینگەی کوردستانەوە ڕوو دەدات و خەڵکی کوردستان، بە شێوەی خۆبەخشانە هەوڵ بۆ کوژاندنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن؛ لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین کەس لە ژینگەپارێزانی کوردستان لە کاتی کوژاندنەوەی ئەم ئاگرانەدا لە ئاگری دارستانەکاندا سووتان و گیانیان لەدەست دا.