کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی پارێزەرێک سەبارەت بە دۆخی چەند زیندانیی سیاسی بە هۆی تووشبوونیان بە نەخۆشیی خۆبەرگری

14:54 - 12 جۆزەردان 2724

پارێزەری ساسان چەمەن ئارا، هونەرمەند و زیندانیی سیاسی پێشوو دەڵێت، بریگرتەکەی دوای ئەوەی لە زیندان ئازاد کرا ماوەیەکی زۆرە بەدەست نەخۆشیی خۆبەرگری یا  پێسۆریازیسەوە دەناڵێنێت.

نەخۆشیی پێسۆریازیس نەخۆشییەکی درێژخایەنە کە تێیدا سیستمی بەرگری لەش زۆر چالاک دەبێت و خانەکانی پێست بە ڕێژەیەکی نائاسایی زۆر دەبن و چارەسەری ئەم نەخۆشییە ماوەیەکی زۆری دەوێت.

چەمەن ئارا کە پێشینەی چەندین جار دەسبەسەرکرانی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە هەیە، لە دوایین حاڵەتدا لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم بە قازانجی لایەنەکانی دژبەری ڕیژیم" دەسبەسەر و پاش ماوەیەک ئازاد کرا.

ڕۆژی هەینی ١١ی جۆزەردان، پارێزەر مریەم کیان ئێرسی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس نووسیویەتی: 'دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە نەخۆشییانە لەنێو زیندانییانیی سیاسیدا جێگەی پرسیارە و دەبێتە هۆی نیگەرانیی کۆمەڵگەی مەدەنی.

ئەم پاریزەرە مانگی ڕابردوو نووسیبووی کە بریگرتەکەی دیکەی، بەناوی مستەفا ئاڵی ئەحمەد، دەرهێنەری سینەما، "وەک هێندێک لە چالاکانی دیکە، دوای ئەوەی لە زیندان ئازاد کراوە ماوەیەکی زۆرە بەدەست نەخۆشیی خۆ بەرگرییەوە دەناڵێنێت.