کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید: گەندەڵیی ئابووری گەورەترین قەیرانی وڵاتە

12:31 - 19 جۆزەردان 2724

ڕۆژی هەینی ١٨ی جۆزەردان، مەولانا عەبدولحەمید ئیسماعیل زێهی، پێشنوێژی هەینیی سوننە مەزهەبەکانی زاهێدان لە وتاری ڕۆژی هەینیدا سەبارەت بە دابیننەکردنی ئازادی و  دادپەروەری و سنووردارکردنی دەسەڵاتی سەرۆکۆمار لە ئێراندا دژکردەوەی نیشان دا و جەختی کردەوە کە سەرۆککۆماری داهاتووی ئێرانیش هیچ دەسەڵاتێکی نابێ.

پێشنوێژی زاهێدان وێڕای ئاماژە بە کارکردنی لاوازی سەرۆککۆمارە پیشووەکانی ڕێژیم وتی سەرۆکۆمار لە پێکهاتەی سیاسیی کۆماری ئیسلامیدا دەسەڵاتی نییە و کاروباری دەوڵەت لە شوێنێکی دیکەوە جێبەجێ دەبێ.

مەولەوی عەبدولحەمید ڕایگەیاند کە هەموو دەوڵەتەکانی پێشوو لە کۆنتڕۆڵكردنی هەڵاوساندا لاواز بوون و نەیانتوانی بەلێنەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.

ناوبراو بە ئاماژە بە بێهیوایی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان وتی: خەڵک باەڕیان وایە کە دەوڵەت و ئەو کەسانەی کە خۆیان بەربژێر کردووە ناتوانن هیچ کارێک بکەن، چونکە ئەوانەی ڕابردووش هیچیان نەکرد.

ناوبراو گەندەڵیی ماڵی و ئابووریی وەکوو گەورەترین قەیرانی وڵات ناو برد و ڕایگەیاند کە ئەم جۆرە کێشانە لە مێژووی ئێراندا بێوێنەن و هەروەها بە پشتبەستن بە نەبوونی ئازادیی رادەربڕین لە وڵاتدا وتی کە زۆرینەی خەڵک لەمبارەوە کێشەیان هەیە و خوازیاری ئازادیی ڕادەبڕینن.