کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆردۆن دەستی بەسەر بارێکی گەورە لە ماددە هۆشبەرەکانی هەناردەکراو لەلایەن ئێرانەوە بۆ وڵاتەکەی گرتووە

12:49 - 19 جۆزەردان 2724

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی ئۆردۆن دەستی بەسەر دوو باری گەورە لە ماددە هۆشبەرەکان، لە نزیکی سنوورەکانی لەگەڵ عەرەبستاندا گرتووە.

بە گوێرەی زانیارییەکان ئەم بارە کە بریتی بووە لە ملوێنان حەبی کاپتاگۆن، گەورەترین بارێک بووە کە لە ساڵانی ڕابردووەدا لەلایەن پۆلیسی ئۆردۆنەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

تۆڕەکانی قاچاخی ماددە هۆشبەرەکانی ڕێژیمی ئێران بە هاوکاریی ماهر ئەسەد برای سەرۆککۆماری سووریە، ئەم بارە گەورەیان لە نێو ماشینەکانی بیناسازی، بەمەبەستی گەیاندنیان بۆ وڵاتانی عەرەبی کەنداو، حەشار داوە کە لەلایەن پۆلیسی ئۆردۆنەوە لە سنووری عەرەبستان دەستی بەسەردا گیراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵگرییەکانی وڵاتانی ڕۆژاوا، پاش دەسپێکی شەرێ نێوخۆی سووریە، ئەم وڵاتە بووە بە ناوەندی سەرەکیی بەرهەمهێنانی حەبی کاپتاگۆن و گواستنەوەی بۆ وڵاتانی عەرەبیی کەنداو.

بەپێی ئەم زانیارییانە ڕێژیمی ئێران بەهاوکاریی لەگەڵ حیزبوڵلای لوبنان و ماهر ئەسەد برای بەشار ئەسەد لە باشووری سووریە کاپتاگۆن بەرهەم دێنن و ساڵانە میلیاردها دۆلار لەم ڕێگەوە داهات بەدەست دێنن.

بە وتەی کارناسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسانی وڵاتانی ڕۆژاوایی ئەم داهاتانە خەرجی میلیشیاکانی ڕێژیمی ئێران بۆ پەرەدان بە گرژییەکانی ناوچەکە و شەڕی سووریە دەکرێت.

حەبی کاپتاگۆن یان فێنێتیلین کە بە حەبی جیهادییش دەناسرێت ماددەیەکی هۆشبەرە کە تاک تووشی بێخەوی و خۆشییەکی دەستکرد دەکات کە دواتر ئاسەوار و لێکەوتەی زۆر خراپی دەبێت.

کاپتاگۆن یەکێکە لەو دەرمانانەی کە لە شەڕەکاندا بەتایبەتی لەلایەن گرووپە جیهادییەکانەوە بەکار دەبرێت تاکوو چەکدارەکانیان لەکاتی شەڕکردندا ترسیان نەمێنێت و هەر بەو هۆیە بە حەبی جیهادییش دەناسرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان چەکدارانی حەماس لە هێرشی ١٥ی ڕزبەری ساڵی ڕابردوو بۆ سەر ئیسرائیل کە بووە هۆی کوشتنی هەزاران کەسی مەدەنی، لەم حەبانە کەڵکیان وەرگرتبوو.

پێشتریش ئەم حەبە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بەشێوەی بەربڵاو لەکاتی شەڕەکاندا بەکار دەهێنرا.