کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وریشە مورادی سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدیی بە بەڵگەی دژەژنبوونی کۆماری ئیسلامی ناو برد

11:35 - 19 پووشپەڕ 2724

دوابەدوای کاردانەوەکان بەرامبەر بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بۆ شەریفە محەممەدی، ژنە چالاکوانی کرێکاری کە لە زیندانی لاکانی ڕەشتە، وریشە مورادی، زیندانیی سیاسی، لە نامەیەکدا لە زیندانی ئێڤینەوە، ئەو سزایەی بە نادادپەروەرانە، و بە بەڵگەیەکی ڕوونی دژەژنی و ژنکوژیی کۆماری ئیسلامی و پەیامی هەڕەشە بۆ سەر هەموو کۆمەڵگە، بە تایبەت ژنانی ناڕازی لە ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی ناو برد.

هەروەها ئەو زیندانییە سیاسییە کە خۆی بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی تۆمەتی "بەغی" بووەتەوە و ڕەنگە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێندرێت، لە بەشێکی نامەکەیدا بۆ شەریفە محەممەدی نووسیویەتی: هەردووکمان دەزانین کە سزای لەسێدارەدان هەرگیز گەرەنتی بەردەوامیی ڕێژمە تاکڕەوەکان نەبووە و تۆ نە یەکەم ژنیت و نە دوا ژن کە ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان و دانپێدانانی زۆرەملێ و دۆسییەسازی و تۆمەتی بێ بنەما بوویەتەوە.

ناوبراو لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دیوارەکانی زیندان ناتوانن ببنە بەربەست لەبەردەم هاوسۆزیدا، و نووسیویەتی: "هاودەردەکان بۆ برینەکانیان بێجگە لە هاوسۆزی یەکتر هیچ دەرمانێکیان نییە.

هەروەها لە لایەکی دیکەوە ڕەیحانە ئەنسارینەژاد کرێکاری زیندانیکراو، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خاکەلێوە لە زیندانی ئێڤینەوە لە نامەیەکدا نووسیویەتی، سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بۆ شەریفە محەممەدی لە هەمان کاتدا لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ئێراندا پەیامێکی ڕوون لەبارەی سەرکوتی کرێکاران و هەموو خەڵکی ئێرانە و گرینگ نییە کە کۆماری ئیسلامی کام کەسی وەک سەرۆککۆمار هەڵبژاردووە، چونکە ئەساس و بنەمای کۆماری ئیسلامی هەمان ئەساس و بنەمای ٤٦ ساڵ پێش ئێستایە.

سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بۆ شەریفە محەممەدی کاردانەوەی بەربڵاوی چالاکانی کرێکاری، مەدەنی و سیاسی و ژمارەیەک لە ڕێکخراوە کرێکاری سەربەخۆکانی لێکەوتەوە. ئەو ڕێکخراوە سەربەخۆیانە لە ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بۆ شەریفە محەممەدییان شەرمەزار کرد و خوازیاری ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی ناوبراو بوون.

شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاری کە ٧ مانگ پێشتر دەسبەسەر کرابوو و ئێستا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ڕەشت دەسبەسەرە، و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.

ناوبرا، چالاکی کرێکاری و خەڵکی ڕەشتە لەم دواییانەدا لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری ڕەشتەوە بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگای ئەندامبوون لە لێژنەی هاواهەنگی بەمەبەستی پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان و نزیکبوونی ئەو ڕێکخراوە لە حیزبی کۆمەڵە، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.