کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییانی سیاسی لە سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر شەریفە محەممەدییان شەرمەزار کرد

11:42 - 19 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی دووشەممە ١٨ی پووشپەڕ، زیندانییانی سیاسیی به‌شدار له‌ هەڵمەتی سێشەممه‌ی نا بۆ لە سێدارەدان لە چەندین زیندانی ڕێژیم ڕاگه‌یندراوێكیان بڵاو كرده‌وه‌.

ئەوان لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەیاندا دەسخۆشیان لە خەڵکی ئێران کرد کە جارێکی دیکە مەشرووعیەتیان بە حکوومەتی ویلایەتی فەقێ نەدا و لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداریان نەکرد، و جەختیان لەوە کردەوە کە ئەوانیش وەک بەشێکی زۆری خەڵکی ئێران سەرەڕای گوشارە ئەمنییەکان "نا"یان بە هەڵبژاردنەکان وت و بەشداریان نەکرد.

دواتر لەو ڕاگەیەندراوەدا ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر شەریفە محەممەدی چالاکی کرێکاریدا ڕاگەیاند.

ئەو زیندانییە سیاسییانە لە سەروبەندی حەفتەی بیست و چوارەمی سێشەممەی نا بۆ لەسێدارەدان و مانگرتنیان لە خواردن، ئەو سزایەی کە بەسەر شەریفە محەممەدیدا سەپێندراوە، بە سزایەکی بێ شەرمانە و جێگای شەرمەزاری ناو برد.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوی هەڵمەتی سێشەممەی نا بۆ لەسێدارەداندا هاتووە کە کۆماری سەرکوتکاری ئێران پێشتریش نیشانی داوە کە هەمیشە لە بەرانبەر ئیرادەی خەڵکدا کە دژی دیکتاتۆری بەرخودان دەکەن، خەریکی هەڵسوکەوتی دڕندانەیه‌ و له‌و كاتانه‌دا لە ئامرازی لەسێدارەدان زیاتر کەڵک وەردەگرێ.

له‌ كۆتاییدا ڕایانگەیاندووە کە ئەم سێشەممەیەش، جارێکی دیکە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سزای شەریفە محەممەدی و بەتایبەتی لە دژی هەبوونی سزای لەسێدارەدان بەگشتی، مان لە خواردن دەگرن.

زیندانییانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێڤین (بەندی ژنان، بەندی ٤، بەندی ٦ و بەندی ٨)، زیندانی قەزڵحەسار (یەکەی ٣ و یەکەی ٤)، زیندانی ناوەندی کەرەج، زیندانی خوڕەم ئاباد، زیندانی خۆی، زیندانی نەغەدە، زیندانی سەقز، زیندانی مەشهەد و تەورێز بەشێکن لەو زیندانانەی کە لە هەڵمەتی سێشەممەی نا بۆ لەسیدارەداندا بەشدارن.

شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاری کە ٧ مانگ پێشتر دەسبەسەر کرابوو و ئێستا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ڕەشت دەسبەسەرە، و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە و ئه‌و سزا ناڕه‌وایه‌ كاردانه‌وه‌ی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه‌.