کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: ڕێفۆڕمخوازەکان ناتوانن لە هێڵە سوورەکانی خامنەیی لا بدەن

13:37 - 19 پووشپەڕ 2724

وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکی تلویزیۆنیدا ڕایگەیاند ئەگەرێکی کەمی هەیە کە هاتنەسەرکاری مەسعوود پزشکییان ببێتە هۆی ئاڵوگۆڕ لە ئێراندا.

کاک خالید عەزیزی شەوی دووشەممە ١٨ی پووشپەڕ بە ئاماژەدان بە ئەسڵی ویلایەتی فەقێ و یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی بە ئیران ئینتێرنەشناڵی ڕاگەیاند کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەکانی ڕابردوو لە سەردەمەکانی سەرۆککۆماربوونی خاتەمی و ڕۆحانی، ئەگەری هاتنەئارای هەر ئاڵوگۆڕێک لە داهاتووی ئێراندا، بە دوور دەبینێت.

عەزیزی لەم پێوەندییەدا زیادی کردووە کە پێشبینی ئەوە ناکات خامنەیی ڕێگە بە ڕێفۆڕمخوازەکان بدات کە ئاڵوگۆڕێک لە سیاسەتە گشتییەکانی کۆماری ئیسلامیدا پێک بهێنن و ئەم سیاسەتانە لە ژێر دەسەڵاتی ڕێبەری ڕێژیمدایە.

وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە بەڵێنەکانی پزشکییان لەپێوندی لەگەڵ بابەتە ئێتنیکییەکان و چۆنییەتیی بەڕێوبردنی ئەو ناوچانە لە دەوڵەتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە ئەمە دەتوانێت کۆتا دەرفەت بۆ ڕێفۆڕمخوازەکان بێت تاکوو چاوەڕوانییەکانی ئەو ڕێژەیەی کە دەنگیان داوە لە بەرچاوی بگرن.

کاک خالید لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لە پێوەندیی لەگەڵ هەڵسوکەوتی وڵاتانی ڕۆژاوایی و ئەمریکا لەگەڵ دەوڵەتی پزشکیان وتی: ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا دوو بابەتی میلیشیاکان و بەرنامە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامییان لەلا گرینگە و دەوڵەتی پزیشکیان و ڕێفۆرمخوازەکان تا ڕادەیەک لە هەوڵدا دەبن کە ئێران لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ جیهانی ڕۆژاوا و بەتایبەتی ئەمریکا دوور بخەنەوە.

عەزیزی لەم پێوەندییەدا زیادی دەکات کە ئەم بابەتە تەنیا بە ڕێفۆڕمخوازەکانەوە گرێ نەدراوەتەوە و دەبێت چاوەڕوانی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەمریکا بین و لە ئەگەری هاتنەسەرکاری ترامپ بۆ جارێکی دیکە، هەڵسوکەوتەکانی دوو لایەن جیاوازتر لە پێشبینییەکان دەبن.