کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پزشکییان لەسەر پشتیوانیکردن لە گرووپە میلیشیاکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەختی کردەوە

15:41 - 19 پووشپەڕ 2724

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، سەرۆککۆماری نوێی ڕێژیمی ئێران جەختی لەسەر پشتیوانیکردنی گرووپە نیابەتییەکانی ئێران و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیە کردووەتەوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٨ی پووشپەڕ، مەسعوود پزشکییان لە وڵامی پەیامی پێرۆزبایی بۆ حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری حیزبوڵڵای لوبنان، باسی لە پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی لە گرووپی موقاومەت کرد و ڕایگەیاند کە ئەم پشتیوانییە بە هێزەوە بەردەوام دەبێت.

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی نازناوی "میحوەری مقاومەت"یان بە گرووپە نیابەتییەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک حیزبوڵڵای لوبنان، گرووپی حەماس، حوسییەکانی یەمەن و گرووپە میلیشیا شیعەکان لە عێراق داوە.

هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز'' لەو بوارەوە نووسیویەتی کە ئەو قسانەی پزیشکییان نیشانی دەدات کە سیاسەتەکانی ناوچەیی ڕێژیمی ئێران لە دەوڵەتی میانەڕەوی پزیشکییان هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نایەت.

لەلایەکی دیکەوە، ڤێلادیمێر پووتین، سەرۆککۆماری ڕووسیە، لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا وێڕای پیرۆزبایی لە پزشکییان، رایگەیاند کە لە کۆنفرانسی داهاتووی بریکس لە شاری کازان لە ڕووسیە بەشدار بێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ''ئیسنا''، مەسعود پزشکییان سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران لەم پەیوەندییە تلفۆنییەدا وتی: ئێمە گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتی دۆست و دراوسێیمان ڕووسیە دەدەین و بێ گومان ئەو پەیوەندییانە پتەوتر دەکەین و هەروەها جەختی لە هاوکاریی دوو لایەنەی نێوان تاران و مۆسکۆ لە ڕێکخراو و ڕێککەوتنەکانی وەک شانگهای، بریکس و ئۆراسیا کردەوە.