کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای ئیسرائیل کوژرانی ٤٠ ئەندامی حەماسی لە شاری غەززە ڕاگەیاند

10:38 - 12 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی پووشپەڕ، سپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لانیکەم ٤٠ ئەندامی حەماس لە عەمەلیاتی سەربازیی ئەو وڵاتە لە ناوچەی شوجاعییە لە شاری غەززە کوژراون. زۆربەی ئەو کەسانە لە هێرشەکانی سپای ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانە و تونێلە ژێرزەمینییەکانی بزووتنەوەی حەماس کوژراون.

عەمەلیاتی سەربازیی سپای ئیسرائیل لە شوجاعیە لە ڕۆژی پێنجشەممە ٧ پوشپەڕ دەستی پێکرد. پێشتریش هەواڵی نیشتەجێکردنی ئەندامانی حەماس لەم ناوچەیە هەبوو.

ماڵپەڕی هەواڵی ''تایمز ئیسرائیل'' نووسیویەتی، تۆڕێک لە تونێلەکانی سەر بە گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین لە کاتی ئۆپەراسیۆنی سەربازانی ئەو وڵاتە لە شوجاعییە دۆزراونەتەوە و لەناو براون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووتە سەر قوتابخانەیەک کە لەلایەن ئەندامانی حەماسەوە وەک "کۆمەڵگەی شەڕ" نێوی دەبرا.

ئیسرائیل دەڵێت حەماس ژێرخانی مەدەنی وەک نەخۆشخانە و مزگەوت و قوتابخانەکان بە مەبەستی چالاکیی سەربازی بەکار دەهێنیت.

ئەندامانی حەماس لە ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو (٧ی ئۆکتۆبەر) بە هێرشکردنە سەر باشووری ئیسرائیل نزیکەی ١٢٠٠ کەسیان کوشت و زیاتر لە ٢٥٠ کەسیشیان بە بارمتە گرت.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی حەماس، ژمارەی کوژراوانی فەلەستینی لە غەززە لە سەرەتای شەڕەوە بۆ ٣٧ هەزار و ٨٧٧ کەس زیادی کردووە.

هەروەها لەم ماوەیەدا زیاتر لە ٨٦ هەزار کەس بریندار بوون.