یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستان لە ٣٥ـەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتور عەبدوڵڕەحمانی قاسملوو، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
هاونیشتمانییان و ئەویندارانی ڕێبازی پڕشکوی دێموکرات
ڕێبەرایەتی و کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی ڕێبازی قاسملوو
ئەم ساڵیش یاد و ناوی ڕێبەری گەلەکەمان شەهید دوکتور قاسملووو زیندوو ڕادەگرین و پەیمان و بەڵێن نوێ دەکەینەوە کە تا وەدیهاتنی ئامانجەکانی شەهیدانمان درێژەدەری ڕێگایان بین.
٣٥ ساڵ لەمەوبەر لە ٢٢ی پووشپەڕ ناخی ڕەشی وەیشوومەی تاریکپەرەستی، ئەستێرەی پڕشنگداری کوردی خامۆش کرد.
لە ساڵوەگەری تێرۆری ناجوامێرانەی شەهید دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە ڤییەنی پێتەختی وڵاتی ئوتریش کە لەلایەن تێرۆریستانی دژە ئازادی و مرۆیی کۆماری پەت و خوێنی بەناو ئیسلامیی ئێران شەهید کران، یەکیەتیی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران جارێکی تر پاڵپشتیی خۆی بۆ ڕێبازی پڕشکۆی دێموکرات و شەهیدانی ڕێبەر نوێ دەکاتەوە و وێڕای ئیدانەکردنی تێرۆری ڕێبەرانی شەهیدمان بە دەست شەمشەمە کوێرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی تر داوا لە وڵاتی ئوتریش دەکات کە بکەرانی ئەو تێرۆرە و هەروەها دەوڵەتی ئەوکات کە کەوتە ساتوسەودا لەسەر خوێنی بەناحەق ڕژاوی شەهیدی ڕێبەرمان بناسێنێت و بخرێنە بەردەست دادگای مرۆیی و ڕێگە نەدرێت لەوە زیاتر تێرۆر وەک سەرمایەی ئابووریی ئەم ڵاتە بناسرێت لە ناو هزری نەوەی نوێی کورد.
قاسملوو مەکتەبی فێربوون و ڕاهاتنە لەسەر هزری نەتەوەیی و بەرەنگاری بە دژی دوژمنانی داگیرکەری خاک و وڵاتمان، قاسملوو وانەی مانەوە و فیداکاریی ڕۆڵەی کوردە بۆ بەگژداچوونەوەی دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی و دواکەوتوویی.
شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو بە دەست تێرۆریستان، تەنیا زەرەر لە حیزبێک یان بگرە نەتەوەیەکی وەک کوردیش نەبوو" بەڵکوو قاسملوو دەیتوانی ببێتە سەرمایەیەکی گەورە بۆ وڵاتێکی قەیراناوی و دواکەوتوو وەک ئێران و ڕێگایەکی بەهێز بێت بۆ چارەسەرکردن و دەربازبوون لە دواکەوتوویی و فاشیزم و ناسیۆنالیزمی بەرچاوتەنگ و گەیشتن بە ئازادی و دێموکراسی و بەختەوەری سەرجەم گەلانی دانیشتووی ئێران چونکە قاسملوو مرۆڤێکی سەردەم و مرۆڤدۆست و ئاشتیخواز بوو، وێڕای داوای ئازادی بۆ گەلی کورد هەمیشە داواکاریی ئازادیی گشت گەلانی ئێران و یەکسانی و ڕێزگرتنی دوولایەنە بوو.
هەربۆیە دڕندەکانی دژی ئازادی و خۆشگوزەرانی بۆ مانەوەی تاریکایی جەهل و دواکەوتوویی ئەستێرەی گەشاوەی کوردیان کوژاندەوە تاکوو وەک دڕندە بە سەر جەستەی شەکەتی تاکی ئێرانیدا دەسەڵات بکەن.
بۆیە بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاری پێویستە مەکتەبی قاسملوو هەمیشە کراوە بێت و قوتابییانی ئەم مەکتەبە بە وانەی مرۆڤدۆستی و ئاشتیخوازی و ئازادی پڕ چەک بکرێن.
یەکیەتی و تەبایی و یەکتر قەبووڵکردن دەتوانێ ئامانجەکانی ڕێبەری شەهیدمان بەدی بێنێت بۆیە داواکارین لەپێناو گەل و نیشتمان با بە یەکگرتوویی زیاتر بە دژی تیرۆریستانی خوێنمژی کوماری ئیسلامیی ئێران بوەستینەوە.
سەرکەوێت ڕێبازی پڕشکۆی قاسملوو
بڕووخێت کۆماری تێرۆریستیی ئیسلامیی ئێران
یەکیەتیی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
٢٠ی پوشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی