کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا ٣٣ کۆڵبەر کوژراون و ٢٥٤ کۆڵبەریش بریندار بوونە

12:03 - 20 پووشپەڕ 2724

بەپێی ناوەندەی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا لە ئەنجامی ڕاوەدوونان و تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ٣٣ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و ٢٥٤ کۆڵبەریش بریندار بوونە.

ئەم ئامارانە بە پشتبەستن بە حاڵەتە تۆمارکراو و پشتڕاستکراوەکان لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا بڵاو کراونەتەوە و ئامارە ڕاستەقینەکەش ڕەنگە بەهۆی سەرکوتی ڕێژیم و نەبوونی ئازادیی دەربرین، میدیا و دامەزراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ کە چاودێری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە نێوخۆی کوردستان دەکەن زیاتر بێت.

بەپێی ئەو ئامارە لەو ماوەیەدا ٣٣ کۆڵبەر لە سنورەکانی کوردستان کوژراون کە یەکێکیان تەمەنی لە خوار ١٨ ساڵ بووە و ١٣ لاوی دیکەی خوار تەمەن ١٨ ساڵ، بریندار بوونە.

لەو ئامارەدا هاتووە لە ٧٤ لەسەدی ئەو کۆڵبەرانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراو و بریندار بوونە.

هەروەها لە هۆکارە گرینگەکانی دیکەی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران بەم شێوەی لەو ئامارەدا باسی لێوە کراوە: ''٦ لەسەد بەهۆی لێدانی هێزەکانی ڕێژیم، ٥ لەسەد بەهۆی هەڵدێران لە بەرزاییەکان و ٤ لەسەدیش بەهۆی لێدان و سەرتاشینی هێزەکانی عێراق ."

جێگای ئاماژەیە کە زۆرترین ڕێژەی کوژرانی کۆڵبەران لە سنوورەکانی نەوسوود و بانە ڕوو دەدات. چونکە ئەم ناوچانە تاکە سنوورێکن بۆ ئەوەی کۆڵبەرەکان کەڵکی لێوەر گرن و سنوورەکانی دیکەش وەکوو بەرزاییەکانی تەتە و سەقز و سەردەشتەوە بە توندی دۆخێکی ئەمنییەتیان بەسەردا سەپاوە.

هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئاماری ٢٨٧ کوژراون و برینداربوونی کۆڵبەران لە ماوەی  ٦مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ و بە بەراورد لەگەڵ ئاماری ١٢ ساڵی ڕابردوو، دەکرێت بڵێین ئەم ژمارەیە زۆرترین ژمارەی کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران بووە.