کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناردنی هەزاران قوتابی بۆ ناوچە جەنگییەکان بەپێچەوانەی پەیماننامەی مافەکانی منداڵان

13:21 - 19 خەزەڵوەر 2726

لە درێژەی سیاسەتی بەسەربازکردن و بەکارهێنانی ئامرازییانەی منداڵان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەزاران قوتابی کە زۆربەیان کچانی قۆناغەکانی ناوەندی و دواناوەندین لە پارێزگا و شارە جیاوازەکانی ئێرانەوە ڕەوانەی ناوچە جەنگییەکانی باشووری ئەو وڵاتە کراون.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، تەنیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە هەزاران قوتابی لە شارەکانی وەک شاری کورد، فەڕوخشەهر، بۆجنوورد، مەلایەر، قەزوین، ئیسلامشار، بووئین‌میاندەشت، مەراوەتەپە، گومیشان، بەندەرگەز، ئاققەڵا، گۆناوە، جوویبار، ساری، ئەلبورز، تەفرێش، کرمان، ماسال، ئەراک و بەندەرئەنزەلی لە چوارچێوەی کاروانەکانی بەناو "ڕاهیانی نور"دا ڕەوانەی بەرەکانی پێشووی شەڕ کراون.

بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە پارێزگای گوڵستانەوە بڕیاری ناردنی ۲ هەزار قوتابی (هەزار کچ و هەزار کوڕ) دراوە و لە شارەکانی دیکەش کاروانی چەند سەد کەسی ڕوانەی ئەو ناوچانە کراون.

بەپێی پەیماننامەی جیهانیی مافەکانی منداڵان، تەواوی ئەو کەسانەی تەمەنیان لەژێر ۱۸ ساڵدایە بە منداڵ دادەنرێن و بەکارهێنانیان لە بابەتە سەربازییەکان یان بیرۆکەی شەڕدا قەدەغەیە.

کۆماری ئیسلامی کە لە ساڵی ۱۳۷۳وە پەیوەندی بەم پەیماننامەیەوە کردووە، بە شێوەیەکی بەردەوام بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی پێشێل دەکات.

چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە مەدەنییەکان جەخت دەکەنەوە کە بردنی خوێندکاران بۆ ناوچە جەنگییەکان، بەرکەوتنیان لەگەڵ ناوەڕۆکی توندوتیژ و ئیدیۆلۆژیی بەسەربازکردن، نموونەی بەرچاوی کەڵکاژۆوەرگرتنی لە منداڵان لە ڕاستای ئامانجە سیاسی و سەربازییەکانی ڕێژیمدایە.

سەرەڕای مەترسییە ئیدیۆلۆژییەکان، ئەم کاروانانە لەڕووی گیانیشەوە مەترسیی جیددییان بۆ سەر قوتابییان هەیە؛ بەجۆرێک کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین ڕووداوی دڵتەزێنی وەرگەڕانی پاسەکان لەم سەفەرانەدا بووەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی دەیان قوتابی.