بەهۆی توندتربوونی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و ئابڵۆقەی دەریایی لەسەر ڕێژیمی ئێران، کرێی گواستنەوەی کەلوپەل لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە بۆ ئێران ۵ تا ۷ بەرانبەر زیادی کردووە و بازرگانان ڕووبەڕووی قەیرانی توندی بازرگانی و دارایی بوونەتەوە.
ئەحمەدڕەزا فەرشچیان، بەرپرسی کۆمیسیۆنی بەڕێوەبردنی هاوردەکردن لە ژووری بازرگانیی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە تێچووی گواستنەوەی دەریایی لە چینەوە بۆ بەندەرعەباس ۵ بەرابەر و هێڵە زەوینییەکان لە ئورووپاوە ۲ تا ۳ بەرابەر زیادی کردووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە ئەو بارانەی پێشتر لە ماوەی مانگێکدا دەگەیشتنە ئێران، ئاستەنگەکان بوونەتە هۆی ئەوەی ئێستا ۳ تا ۴ مانگیان پێ بچێت.
ئەم تێکچوونەی باری بازرگانی لەکاتێکدایە کە ئەمریکا لە حەفتەکانی ڕابردوودا کارزاری پچڕاندنی دەمارە داراییەکانی کۆماری ئیسلامیی توندتر کردووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، گەمارۆدانی ڕێگە دەریاییەکان، ڕێگری لە هەناردەی نەوت و ئاستەنگ دروستکردن لە بەردەم ڕێگە زەوینییەکانی سنووری پاکستان، تورکیە، ئەفغانستان و تورکمەنستان، بازرگانیی دەرەکیی ڕێژیمی ئێرانی پەک خستووە.
فەرشچیان ڕایگەیاند کە تێچووی هاوردەکردنی هەندێک کەلوپەلی هەرزان تا ١٥٠ لەسەد زیادی کردووە و ئەو بەرهەمهێنەرانەی کە پشتیان بە کەرەستەی خاوی هاوردەکراو بەستووە، ناچارن تێچووی زیادە بۆ دابینکردنی ئەم کەرەستەیە بخەنە سەر نرخی بەرهەمەکانیان.
بە بەرزبوونەوەی تێچووی هاوردەکردن تا ١٥٠٪ لە هەندێک کەلوپەلدا، باج و گوشاری سەرەکیی ئەم داڕمانە ئابوورییە و گرانیی بێوێنەیە، دیسان دەکەوێتە سەر شانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران.
سەرەڕای ئەمانەش، لەسەر سنوورەکان بارهەڵگرەکان لانیکەم ۱۵ ڕۆژ پەکیان کەوتووە و ڕێژیم هەوڵ دەدات لەڕێگەی سنوورە زەوینییەکانەوە گەمارۆکان تێپەڕێنێت، بەڵام پێکهێنانی کارگرووپی تایبەتی "دەروازەی ئاسنین" لەلایەن سێنتکامەوە، ڕێگری لە هەر جۆرە قاچاخ و گواستنەوەیەکی کەلوپەلی قەدەغەکراو بۆ ئێران دەکات.