کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگکرانی ١٠٠ چالاکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمەوە

16:09 - 20 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی پووشپەڕ ئەسغەر جەهانگیر وتەبێژی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران بانگکردنی ١٠٠ کەس و دروستکردنی دۆسییەی دادوەری بۆ دوو کاناڵی تێلێگرامی و ناسینەوەی ٥٠٠ هەژمار و لاپەڕەی ئینستاگرامی راگەیاند کە بە وتەی ناوبراو  سەرپێچییان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە.

هەروەها ناوبراو بەبێ ئەوەی کە ناوی ئەو دوو کاناڵە تێلێگرامیە بخاتە ڕوو و ئاماژە بە وردەکارییەکانی ئەو سەدان هەژمارە ئینستاگرامییە کە دەستنیشانکراون بکات، تەنیا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو لاپەڕە و کاناڵانە هەوڵیان داوە خەڵک لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان بێ هیوا بکەن و لەم پرۆسەیە دووریان بخەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە هەیئەتی چاوەدێری بەسەر ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکان لە سەروبەندی ١٤ـەهەمین هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران هۆشداری دا کە بڵاوکردنەوە و بانگەشەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان تاوان و سەرپێچی هەژمار دەکرێ و بۆ دروستکردنی دۆسییەی دادوەری و سزادان  پێویست بە سکاڵاکەری تایبەتیش نییە.

وتەبێژی دەزگای بەەناو دادوەری لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "بە گشتی سێ هەزار و ٩٨٠ کەس کە لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە سەرپێچیان ئەنجام دابوو ڕێنمایی یاسایییان پێدرا و بۆ ڕێگریکردن لە بەردەوامیی ڕەفتاری نایاسایی، ١٠٠ کەسی دیکە بانگ کران و هۆشداریی پێویستیان پێ درا.

ناوبراو دەسبەسەرکردنی ١١٣ کەسی دیکەی کە بە تاوانبار ناوی بردوون ڕاگەیاند، بەڵام ئاماژەیشی بەوەدا کە زۆربەیان لە هەمان ڕۆژدا دوای نووسینی زۆرەملێی بەڵێننامە و دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.