کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک لە ژنانی بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤین خوازیاری هەڵوەشانەوەی حوکمی لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدی بوون

16:17 - 20 پووشپەڕ 2724

کۆمەڵێک لە ژنانی بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤین خوازیاری هەڵوەشانەوەی حوکمی لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدی چالاکی بواری کرێکاری بوون و سەبارەت بە جێبەجێکردنی حوکمەکە هۆشدارییان دا.

١٦ ژنی بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤیندا ڕۆژی سێشەممە ١٩ی پووشپەڕ لە بەیاننامەیەکدا وێڕای هۆشداریدان بەوەی کە ئەم حوکمە دەتوانێت بەردی بناغەیەکی دیکە بۆ دەرکردنی لەم جۆرە حوکمانە لە داهاتوودا بێت، ڕایانگەیاندووە کە "ئەمە تەنیا حوکمی لەسێدارەدانی شەریفە نییە و بەڵکوو حوکمی لەسێدارەدانی هەموو چالاکانی سیاسی، کرێکاری، مەدەنی، مافی مرۆیی و چالاکانی بواری ژنانە".

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا و بە ئاماژەدان بە سیاسەتە سەرکوتکارانەکەی کۆماری ئیسلامی هاتووە "ئەوان دەیانهەوێت کە ئەو دەنگە ناڕازی و مافخوازانەی کە بە هۆی بزووتنەوەی ساڵی ١٤٠١ـەوە بە ئاستێکی بەرچاو گەیشتووە جارێکی تر کپ بکەنەوە و هەروەها ژنانی ئێستا کە بە دەنگێکی بەرزتر قاچیان ناوەتە گۆڕەپانی مافخوازییەوە بتۆقێنن و ناچار بە پاشەکشەیان بکەن".

ڕێکەوتی ١٤ی پووشپەڕ دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی لە ڕەشت حوکمی لەسێدارەدانی بۆ شەریفە محەممەدی بەتۆمەتی "بەغی" دەرکرد.

ئەم حوکمە لەکاتێکدایە کە شەریفە محەممەدی تەنیا لە بواری کرێکاریدا چالاکیی هەبووە و جگە لەوە هیچ چالاکییەکی سیاسی یان شیوازەکانی دیکەی نەبووە.