کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کردنەوەی دۆسییەیەکی دادوەری لەلایەن ئەمریکاوە بۆ پشتیوانەکانی حەماس

16:20 - 20 پووشپەڕ 2724

هەواڵدەریی بلومبێرگ لە ڕۆژانی ڕابردوودا باسی لەوە کردووە کە ئەمریکا لە هەوڵدایە تاکوو دۆسییەکی بەربڵاو سەبارەت بە هێرشەکەی ١٥ی ڕەزبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و پشتیوانەکانی دروست بکات.

بەپێی زانیارییەکانی ئەم هەواڵدەرییە وەزارەتی دادی ئەمریکا ئەم دۆسییەی دەست پێ کردووە و بە وتووێژ لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییانی هێرشەکەی ١٥ی ڕەزبەر دۆسییەکە سەروبەر دەکات.

لە ڕاپۆرتەکەی بلومبێرگدا هاتووە کە ژمارەیەک لە بارمتە ئازادکراوەکان و بنەماڵەی قوربانییانی هێرشەکە بۆ وتووێژ لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەکاندا چوونەتە ئەمریکا و زانیارییەکانی سەبارەت بە هێرشەکەیان ڕادەست کردوون.

بلومبێرگ لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا هێناویەتی کە بەشی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تێرۆریسمی وەزارەتی دادی ئەمریکا کە لەم توێژینەوانەدا ڕۆڵی هەیە، لێکۆڵینەوە لە دەوری پشتیوانە داراییەکانی حەماس وەک کۆماری ئیسلامی و قەتەر دەکات.

کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامی هەموو کات بە ئاشکرا باسیان لە پشتیوانییەکانی ڕێژیم لە حەماس کردووە و هەروەها بەرپرسانی حەماسیش کۆماری ئیسلامییان بە سەرەکیترین پشتیوانی خۆیان زانیوە.

دادستانییەکانی واشینگتۆن و نیۆیۆرک ڕێگەیان بە دەوڵەتی ئەمریکا داوە تاکوو داراییەکانی ئەو کەسانەی کە پێوندییان بە پشتیوانیکردن لە حەماسەوە هەیە، دەستی بە سەردا بگیرێت.

دەوڵەتی ئەمریکا لەم پێوەندییەدا و چەند مانگ پاش هێرشەکەی حەماس دەستی بە سەر ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت و ١٠٨ میلیۆن دۆلاری ئێراندا گرت.

لە ئێستادا وێدەچێت کە دۆسییەکی دیکە بە دۆسییە لە ئەژمار دەرچووەکانی کۆماری ئیسلامی بە هۆی پشتیوانییەکانی لە تێرۆریسمەوە لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا دروست بکرێت و مێژووەکەی ڕەشتر بکات.

چەکدارانی گرووپی حەماس ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو هێرشیان کردە سەر خەڵکی مەدەنیی ئیسرائیل و ١٢٠٠ کەسیان کوشت و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیشیان بە بارمتە گرت.