کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسیی ڕادەستکردنەوەی ژن و مێردێکی پەنابەری سیاسیی کورد لە تورکیەوە بۆ ئێران

10:42 - 12 پووشپەڕ 2724

فەهمیدە (ئەژین) حوسێنی و هاوسەرەکەی ڕەشاد محەممەدی، ژن و مێردی پەنابەری سیاسیی کورد کە پێشتر لەلایەن پۆلیسی تورکیەوە دەسبەسەر کرابوون و بۆ کەمپێکی پەنابەری گواسترابوونەوە، حوکمی دیپۆرتکردنەوەیان پێگەیشتووە.

حوسێنی لە پەیامێکی دەنگیدا لەو کەمپەدا جەختی لەوە کردەوە کە مەترسیی ڕادەستکردنەوەیان لە تورکیەوە بۆ ئێران لەسەرە و داوای لە چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە بە هەر شێوەیەک بێت ڕێگری لە حوکمی دیپۆرتکردنەوەیان بکەنەوە.

حوکمی دیپۆرتکردنەوەی ئەم دوو کەسە لەکاتێکدا دەرچووە کە ئەم ژن و مێردە کوردە خاوەنی ئەزموونی چەند ساڵێک لە چالاکیی سیاسیدا بوونە و ئەگەر دیپۆرت بکرێنەوە بۆ ئێران، مەترسیی ئەوەیان لەسەرە تووشی دەسبەسەرکردن، ئەشکەنجەدان، سزادان، زیندانیکردن و تەنانەت حوکمی قورسیش ببن.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، دوای ئەوەی لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەڕەشەیان لێکرابوو، هەرێمی کوردستانیان بەمەبەستی ڕویشتن بۆ یەکێک لە وڵاتانی ئورووپایی بەجێ هێشتبوو و دواجار لە ناوەڕاستی ڕێگاکەدا لە سنووری تورکیە دەسبەسەر کران.