کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان بەبۆنەی کۆچی دوایی هاوڕێی تێکۆشەر "ئەمیر خەیاتی"

11:09 - 21 پووشپەڕ 2724

بە ئاگاداری هەموو ئەندام، دۆستان و لایەنگرانی خۆشەویستی حیزبەکەمان ڕادەگەیەنین کە بەداخەوە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕ (٩ جوولای ٢٠٢٤)ی زایینی، هاوڕێی خۆشەویست کاک "ئەمیر خەیاتی" ئەندامی تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوای ماوەیەک بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی وڵاتی ئاڵمان کۆچی دوایی کرد و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە بنەماڵەکەی و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی لە حیزبی دێموکرات کرد.

کاک "ئەمیر خەیاتی" کوڕی تێکۆشەری دێرین و کادری بەوەجی حیزبی دێموکرات شەهید "موهەندیس ڕەزا خەیاتی" یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بوو کە لە بنەماڵەیەکی بە ئەسڵ "ئازەری"ی ئازادیخواز و باوەڕمەند بە خەباتی نەتەوایەتیی نەتەوەی کورد چاوی بە دونیا هەڵدێنێت.

کاک "ئەمیر خەیاتی" ش وەک زۆر یەک لە منداڵانی کوردستان بە هۆی خەباتی سیاسیی موهەندیس ڕەزا خەیاتی لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، بەشێکی زۆر لە تەمەنی خۆی بە دووری و بێبەریبوون لە هەست و سۆزی باوکی تێپەڕ کرد.

ساڵی ١٣٧٤ی هەتاوی و لە ژێر گوشاری ڕێژیمی سەرکوتکەری ئیسلامیدا کاک ئەمیر خەیاتی وێڕای هاوژینەکەی خاتوو "ئێلهام چایچی" شاری ورمێ بەجێ دەهێڵن و ڕوو لە بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەن و وەک پێشمەرگەیەکی ماندوونەناس لە ڕیزەکانی ئەو حیزبەدا درێژە بە خەبات و تێکۆشان دەدەن. کاک ئەمیر بۆ ماوەیەکی زۆر و وەک پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات لە بەشی ئاموزش، بەشی ڕاگەیاندن و تیشک تی ڤیدا درێژە بە تێکۆشانی خۆی دەدات.

ساڵی ٢٠١٦/٢٠١٧ زایینی کاک ئەمیر و بنەماڵەکەی ڕوو لە دەرەوەی وڵات دەکەن و لە وڵاتی ئاڵمان دەگیرسێنەوە، بەڵام بەداخەوە نەخۆشی و تێکچوونی باری تەندروستی دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ژیانی کاک ئەمیر و لە کۆتاییدا و لە ڕێکەوتی ٩ی جوولای ٢٠٢٤ زایینی بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان و بنەماڵە و هاوسەنگەرانی دەکات.

کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان، وێڕای بەداخبوونی خۆی سەبارەت بۆ گیانلەدەستدانی ئەندامێکی تێکۆشەری حیزبەکەی، خۆی بە هاوبەشی خەم و پەژارەی بنەماڵەی بەڕێزی خەیاتی و بە تایبەت هاوژینی نەمر کاک ئەمیر، خاتوو "ئێلهام چایچی" و کچەکەی "نیلسوو خەیاتی" دەزانێت.

هاوکات ئەندام و لایەنگرانی حیزب لە وڵاتی ئاڵمان ئاگادار دەکات کە لە داهاتوویەکی نزیکدا و سەبارەت بە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی نەمر کاک ئەمیر خەیاتی زانیاری زیاتر بڵاو دەکاتەوە.

روحی کاک "ئەمیر خەیاتی" شاد بێت

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی گشتی

٩ی جوولای ٢٠٢٤ی زایینی