کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەختی پزشکییان لەسەر پشتیوانی لە گرووپی حەماس

11:15 - 21 پووشپەڕ 2724

مەسعوود پزشکییان سەرۆککۆماری ئێران لە پەیامێکدا بۆ ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی نووسینگەی سیاسیی گرووپی حەماس، جەختی لەوە کردەوە کە لە چوارچێوەی ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامیدا پشتیوانیی فەلەستین دەکات.

پزیشکییان جگە لە ڕێزلێنان لە بەرەی موقاومەتی فەلەستین، شەڕ دژی ئیسرائیلی بە ئەرکی ئیسلامی ناو برد.

پێشتر سەرۆککۆماری ئێران لە نامەیەکی جیادا بۆ حەسەن نەسروڵڵا، ڕێبەری گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان و بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریە، جەختی لەسەر پاڵپشتیکردنی گرووپەکانی موقاومەت لە ناوچەکە بەپێی بنەماکانی سیاسەتی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی کردبوو.

حەسەن نەسروڵڵا، بەهۆی پەیام و هەڵوێستە سیاسییەکانی پزشکییان کە پشتیوانیی لە بەرەی موقاومەت کردووە، سپاس و دەستخۆشیی لە ناوبراو کرد.

پێشتر پزشکییان ڕایگەیاندبوو کە 'پشتیوانی لە بەرەی موقاومەت بە هێزەوە بەردەوام دەبێت.

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی نازناوی "میحوەری موقاومەت"یان بە گرووپە نیابەتییەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وەک حیزبوڵڵای لوبنان، گرووپی حەماس، حوسییەکانی یەمەن و گرووپە میلیشیا شیعەکان لە عێراق داوە.