کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەتین حەسەنی، یەکێک لە زیانکەوتووانی ناڕەزایەتییەکانی ٩٨ سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا

11:35 - 21 پووشپەڕ 2724

مەتین حەسەنی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان و لە بریندارانی ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨، باسی لە چڵکردن و ئازاری چاوی خۆی کردووە و ڕایگەیاندووە لەو دۆخەدا و لە ڕەوتی پێداچوونەوە بە دۆسییەکەیدا بە ٣١ مانگ بەندکران کە ٦ مانگی بە شێوەی تەعزیرییە، مەحکووم کراوە.

مەتین حەسەنی لە ڤیدیۆیەکدا ڕایگەیاندووە کە لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ لە شاری بۆکان، لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چاوێکی لەدەست دا.

ناوبراو مانگی سەرماوەزی ٩٨، لەکاتێکدا کە بۆ چارەسەریی چاوە بریندارەکەی لە تاران بوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ناوەندێکی دەرمانی دەسبەسەر کرا و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی باوکی لە شاری بۆکان دەسبەسەر کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە دادخوازە، دواجار ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی ڕەشەمەی ڕابردوو، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ئازاد کرا.

مەتین حەسەنی بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتار لەگەڵ یەکتر بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی وڵات و پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات لەلایەن دادگای ئینقلابی بۆکانەوە سزای ٣١ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپێندرا.