کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوانگەی ئەمریکا سەبارەت بە شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران

10:46 - 12 پووشپەڕ 2724

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەناو هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێرانی بە هەڵبژاردنێکی نائازاد و نادادپەروەرانە زانی و ڕایگەیاند کە ئاماری ڕێژەی بەشداریکردن لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە گومانی لە سەرە.

ڤیدانت پاتێل ڕۆژی دووشەممە ١١ی پووشپەڕ لە پرێسکۆنفڕانسێکدا و لە وڵامی هەواڵنێران سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران ڕایگەیاند کە ئەمریکا چاوەڕوانی گۆڕانێکی بنەڕەتی و سەرەکی لە ئێراندا نییە و سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامی بەرەو پێبەندی بە مافی مرۆڤ و کەرامەت بۆ هاووڵاتییانی نابات.

پاتێل سەبارەت بە ئامارە بڵاوکراوەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە زیادی کردووە کە ئامارە فەرمییەکانی دەوڵەت سەبارەت بە ڕێژەی بەشداریکردن هاوشێوەی کاتەکانی دیکە و جێگای متمانە نییە و گومانی لە سەرە.

هەر لەم پێوەندییەدا ئابرام پیلی جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری ئێراندا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بەربژێران لەلایەن شۆرای نیگابانەوە دەستنیشان کراون و ئەمریکا چاوەڕوانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە لە وەها دۆخێکدا نییە.

پیلی زیادیشی کردبوو کە خەڵکی ئێران لە سەرەتاییترین ئازادییەکان کە تایبەتمەندیی پێویست بۆ هەر دێمۆکراسییەکە، بێبەش کراون.

هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران ڕۆژی هەینیی ڕابردوو بە تۆمارکردنی کەمترین ئاستی بەشداریکردنی خەڵک لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا بەڕێوە چوو و بڕیارە کە هەینیی داهاتوو ١٥ی پووشپەڕ خولی دووهەمی ئەم بەناو هەڵبژاردنانە بەڕێوە بچێت.

پێشبێنییەکان باس لەوە دەکەن کە بە ئەگەری زۆرەوە ڕێژەی بەشداریکردن لە خولی دووهەمدا لەچاو خولی یەکەم کەمتر بێت.