کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارشکێنییەکانی دەوڵەتی بایدێن سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی

12:35 - 21 پووشپەڕ 2724

ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی پووشپەڕ باسی لە یاساشکێنییەکانی دەوڵەتی بایدێن سەبارەت بە دۆسییەی بەرنامە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی کردووە.

شۆرای سەرنووسەرانی ئەم ڕۆژنامە بەناوبانگە ئەمریکاییە لە نووسراوەکەی خۆیدا هێناویەتی کە جۆ بایدێن یاساشکێنی دەکات و سەبارەت بە مەترسیی بەرنامە ناوکییەکانی ڕێژیمی تاران لەگەڵ کۆنگرەدا ڕووڕاست نییە.

ڕۆژنامەی واڵ ستریت لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەیدا بە ئاماژەدان بە یاسایەک کە بە یارمەتی لێندزی گراهام سێناتۆری مەجلیسی سەنای ئەمریکا پەسەند کراوە جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە بەپێی ئەم یاسا دەوڵەت دەبێت هەر شەش مانگ جارێک هەڵسەنگاندنەکانی خۆی سەبارەت بە گەشەی بەرنامە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی و پیتاندنی ڕێژەی ئورانیۆم ڕادەستی کۆنگرە بکات.

لەم پێوەندییەدا لێندزی گراهام پاش ماوەیەک پێداگری لەسەر نەناردنی ڕاپۆرتی بەرنامە ناوکییەکانی ئێران لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ کۆنگرە، ڕۆژی چوارشەممە لە نامەیەکدا بۆ بەڕێوبەری هەواڵگریی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دەوڵەتی بایدێن ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لەم پێوەندییەدا یاساشکێنی دەکات و پێبەندییەکانی ئەنجام نەداوە.

هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە کە شۆرای حوکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە دوایین بڕیارنامەدا باسی لە پەرەسەندنی ڕێژەی پیتاندنەکانی ئورانیۆمی ٦٠ لەسەدی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کردووە و ڕایگەیاندووە کە تاران تەنیا یەک هەنگاوی ماوە تاکوو بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات.

ئەم ڕۆژنامە لە نووسراوەکەیدا سەبارەت بە نەناردنی ڕاپۆرت لەلایەن دەوڵەتی بایدێنەوە بۆ کۆنگرە ڕایگەیاندووە کە ئەگەر دەوڵەت پێشکەوتنەکانی کۆماری ئیسلامی و نزیکبوونەوەی تا ئەم ئاستە بە بۆمبی ئەتۆمی بە کۆنگرە ڕابگەیەنێت، لەلایەن هەر دوو حیزبی دێموکرات و کۆماریخوازەکان گوشار دەخرێتە سەری تا بەرەوڕووی بەرنامە ناوکییەکانی تاران ببێتەوە و ئەمە ئەو شتەیە کە بایدێن دەیهەوێت لە ئێستادا و لە نزیکەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا خۆی لێ ببوێرێت.

واڵ ستریت ژۆرناڵ لە کۆتاییدا بە نیگەرانییەوە هۆشداریی ئەداتە دەوڵەتی بایدێن کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕا بگات، هەموو ناوچەکە و جیهان دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە و هەر بەم بۆنەوە داوا لە دەوڵەتی جۆ بایدێن دەکات کە لەگەڵ کۆنگرەدا ڕووڕاست بێت.