کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پچڕانی بەردەوامی کارەبا پیشەسازیی کرماشانی تووشی کێشە کردووە

16:23 - 21 پووشپەڕ 2724

ڕۆژنامەی "باختەر" چاپی کرماشان لە ڕاپۆرتێکدا لەبارەی کێشەی پچڕانی کارەبا لەم پارێزگایە بڵاو کردەوە کە پچڕانی بەردەوامی کارەبا پیشەسازیی کرماشانی تووشی کێشەی قەرەبوونەکراو کردووە.

لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی باختەردا باس لەوە کراوە کە پچڕانی کارەبای یەک ڕۆژ لە حەفتەیەکدا لە کرماشان بۆ دوو ڕۆژ لە حەفتەیەکدا زیادی کردووە و دۆخەکەی بۆ پیشەسازیی ئەو پارێزگایە زۆر سەخت کردووە.

پچڕانی بەردەوام و زیادبوونی ماوەی پچڕانی کارەبا لەکاتێکدایە کە هەموو خەرجییەکانی ئێستای پیشەسازییەکان وەک ماڵیات و دابینکردنی کۆمەڵایەتی و مووچەی کارمەندان وەک خۆیان ماونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، محەممەدتەیب سەحرایی، پارێزگاری ڕێژیم لە کرماشان، ڕایگەیاندووە کە لەم پارێزگایەدا هیچ کەمیی کارەبا نییە و ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە پێویستیی پارێزگا زیاترە.

هەروەها خاوەن پیشەکان داوای تەرخانکردنی کارەبای بەرهەمهێنراو بە ڕێژەی پێویست بۆ بەکارهێنانی پارێزگای کرمشانیان کردووە.

شایانی باسە پچڕانی بەردەوامی کارەبا و لەنێوچوونی کەرتی پیشەسازیی کرماشان و پێویستی بەپەلە بە کارەبای پێویست بۆ پیشەسازییەکانی ئەم پارێزگایە لەکاتێکدایە کە، ئەو کارەبایەی لەو پارێزگایە بەرهەم دێت و ڕەوانەی پارێزگاکانی دیکەی ئێران دەکرێت.