کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئاڵمان

16:35 - 21 پووشپەڕ 2724

دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی  پووشپەڕ، کاک ئەمیر خەیاتی، لە تێکۆشەرانی ئازەری زمانی ورمێ، بە هۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیەکی وڵاتی ئاڵمان کۆچی دوایی کرد.

کاک "ئەمیر خەیاتی" کوڕی تێکۆشەری دێرین و کادری بەوەجی حیزبی دێموکرات شەهید "موهەندیس ڕەزا خەیاتی" یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بوو کە لە بنەماڵەیەکی بە ئەسڵ "ئازەری"ی ئازادیخواز و باوەڕمەند بە خەباتی نەتەوایەتیی نەتەوەی کورد چاوی بە دونیا هەڵێنابوو.

کاک ئەمیر لە ساڵی ١٣٧٤ی هەتاویدا و لەژێر گوشاری ڕێژیمی سەرکوتکەری ئیسلامیدا وێڕای هاوژینەکەی خاتوو "ئێلهام چایچی" شاری ورمێ بەجێ دەهێڵن و ڕوو لە بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەن.

کاک ئەمیر بۆ ماوەیەکی زۆر  وەک پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات لە بەشەکانی ئامووزش و ڕاگەیاندندا کاری کردبوو و هاوکات لەگەڵ دامەزرانی تلویزیۆنی تیشک لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاویدا ناوبراو وەکوو بەرپرسی بەشی ئایتی و گرافیکی ئەم تلویزیۆنە ئەرک وەئەستۆ دەگرێت.

کاک ئەمیر و خاتوو ئێلهامی هاوسەری ماندوونەناسانە لە ڕیزەکانی حیزبدا درێژەیان بە خەبات و تێکۆشان داوە.

خاتوو ئێلهام دەورەیەک سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و یەکێک لەو ژنە چالاکانەی ڕیزەکانی حیزب بووە کە بەردەوامی لە چوارجیوەی مافی نەتەوەیاتی و مافی ژناندا هەنگاوی هەڵ گرتووە.

لە ساڵی ٢٠١٧دا، کاک ئەمیر وێڕای خاتوو ئێلهامی هاوسەر و کچەکەی نیلسوو، ڕێگای هەندەرانیان گرتە بەر و لە وڵاتی ئاڵمان گیرسانەوە.

کاک ئەمیر خەیاتی کەسایەتییەکی دڵسۆز و ماندوونەناسی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بوو کە لەدەستدانی خەسارێکی گەورە بۆ بزووتنەوەی ڕەوای گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەئەژمار دێت.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری و هەروەها هاوڕێ و هاوسەنگەرانی ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.