کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان و خوێندکاران بەبۆنەی ٣٥ـەمین ساڵیادی تێرۆری شەهیدانی ڤییەن

22:21 - 22 پووشپەڕ 2724

ژنان، لاوان و خوێندکارانی بەڕێز!


٣٥ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاویدا، بەرانبەر به ١٣ی ژووئیەی ١٩٨٩ی زایینی، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، یەکێک لە ڕێبەرانی هەڵکەوتووی بزووتنەوەی سیاسیی کورد و سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، له‌سەر مێزی وتووێژ لەلایەن دیپلۆمات تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ڤییەنی پێتەختی وڵاتی ئۆتریش، هاوڕێ لەگەڵ دوو کەس لە هاوڕێیانی، کاک عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزب لە ئورووپا و دوکتور فازڵ ڕەسووڵ، کەوتنە بەر دەستڕێژ و تیرۆر کران.
کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەی کە لەسەر کارە و سایەی شوومی بەسەر سەرتاسەری ئێراندا کێشاوە لە هیچ کارێکی دزێو سڵی نەکردووەتەوە و بەردەوام بووەتە کێشە بۆ ناوچەکە. تێرۆر و تۆقاندن و ترساندنی خەڵک و بە تایبەت کەسایەتییە ناودارەکان و خۆشەویستانی کۆمەڵگە هەموو کات تێچووی ئەو خەسڵەتانەی ڕێژیمی ئێران بوون و لە هێچ شوێنێکی دنیا نەیانتوانیوە لەدەستیان ڕزگاریان ببێ. 
هەر ساڵێک پێش ئێستا لە دوو ڕۆژی جیادا چوار کەس لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کەوتنە بەر هێرشی تیرۆریستەکان و بەداخەوە سێ کەسیان بە ناوەکانی (عادڵ موهاجیر، لوقمان ئاجی و سیامەند شابۆیی) تیرۆر کران و کاک سوهراب ڕەحمەتی کە بە خۆشیەوە توانی خۆی لەدەست جەلادانی کۆماری ئیسلامی ڕزگار بکات.
بەدڵنیاییەوە چۆن ٢٢ی پووشپەڕ و تێرۆر کردنی شەهیدانی ڤییەن شەهید دوکتور عەبدولرەحمان قاسملوو و کاک عەبدوڵڵا قادری ئازەر و بەڕێز فازڵ ڕەسووڵ، یەکەم کردەوەی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامیی نەبووە و شەهیدکردن و تێرۆری سێ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی ڕابردووشدا ئاخر کردەوەی تێرۆریستی ئەوان نابێ.
ئێمە دەبێ بزانین ئەو دەوڵەتە هەرگیز دەستی لە کوشتن و تیرۆری خەڵکی کورد و بەتایبەت کادر و پێشمەرگە و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵنەگرتووە نموونەی بەرچاوی کوشتنی "ژینا" ئەمینی لە تاران دەستی پێ کرد و هەتا ئێستا دەستی لە دەسبەسەرکردن، ئەشکەنجەدان و شەهیدکردنی دەیان کوڕ و کچ، و ژن و پیاوی کورد و نەتەوەکانی دیکەی هەڵنەگرتووە.
دوکتور قاسملوو یەکێک لەو ڕێبەرە بلیمەتانەیە کە پلەکانی بەرزی زانکۆی بڕیوە و بە هۆی خەمخۆری بۆ نەتەوەکەی بە ئەرکی خۆی زانی کە بۆ کوردستان بگەڕێتەوە و ببێت بە یەکێک لە ڕێبەرانی کاریزماتیکی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.
قاسملوو لە ڕاستای تێکۆشانی حیزبی  و سیاسیی ژنان و لاواندا دەڵێت: ئێمە دەبێ جێگایەکی تایبەتی بدەین بە چینی ژنان و لاوان و حیزبی ئێمە مافی بەرابەریی تەواو لەگەڵ پیاوان بۆ ژنان و لاوان دادەنێ. 
سڵاو لە یاد و ناوی شەهید دوکتور قاسملوو و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی و سەربەستیی کورد و کوردستان.


۲۲ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی
۱۲ی ژوئیەی ۲۰۲٤ی زایینی
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان