کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی ١٤ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی لە ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤

10:38 - 23 پووشپەڕ 2724

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا لە ڕاپۆرتێکی ئاماریدا بڵاوی کردووەتەوە کە لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا ١٤ هاووڵاتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنیی شەڕ کوژران و بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاماری کوردپا لە کۆی ئەو ١٤ هاووڵاتییە ٥ کەس بە هۆی ئەو تەقینەوانە گیانیان لەدەست داوە و ٩ کەسی دیکەش برینداربوون.

هەروەها کوردپا ڕایگەیاندووە کە ٤ کەس لە قوربانییەکان کوڵبەر، کەسێک شوان، و ٩ کەسی دیکە هاووڵاتیی مەدەنی بوون و لە نێوان ئەو ٩ هاووڵاتییە مەدەنییەدا ٤ کەسیان لە کاتی کۆکردنەوەی گیا و ڕووەکی بەهاریدا ڕووبەڕووی تەقینەوەی مین بوونەتەوە.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ١١ کەس لەو کەسانە لە ئەنجامی تەقینەوەی مین و ٣ کەسیان لە ئەنجامی دەستکاریکردنی تەقەمەنی و کەلوپەلی شەڕ کوژراون و بریندار بوون.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ٦ تەقینەوە لە پارێزگای ورمێ، ٥ تەقینەوە لە پارێزگای کرماشان و ٣ تەقینەوە لە پارێزگای سنە ڕوویان داوە‌ و قوربانییەکان، بەپێی پارێزگاکان خەڵکی سەردەشت و شنۆ لە پارێزگای ورمێ، سەرپێڵ زەهاو، پاوە، قەسری شیرین و شاباد لە پارێزگای کرماشان و هەروەها مەریوان، بانە و سەقز لە پارێزگای سنە بوون.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا کوردپا ئامارێکی گشتیی لە یەک دەیەی ڕابردووی بڵاو کردووتەوە، واتە ئاماری قوربانییانی تەقینەوەی مین و کەلوپەلی شەڕ لە ساڵی ١٣٩١ هەتا ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی و بەپێی ئاماری کوردپا لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەدا ٤٠٢ کەس بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مین کە ١٠٣ کەس کوژراون و ٢٩٩ کەسی دیکەش بریندار بوون، و لەو ڕێژەیەش ۴۶ کەس لەو کوژراو و بریندارانە منداڵی تەمەن ۵ تا ۱۸ ساڵە و ۳۳ کەسیان ژن و ٧٨ کەسی دیکەیان کوڵبەر بوون.

هەر لەم پێوەندییەدا بڵاو کراوەتەوە کە لە ماوەی چوار دەیەدا ئێران دووهەم وڵاتی ئالوودە بە مینی چێندراوی جیهانە.

هەرورها ئەحمەد وەحیدی، وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ١٣٩٠ ڕایگەیاندبوو کە نزیکەی چوار ملیۆن و ٢٠٠ هەزار هێکتار زەوی لە پێنج پارێزگای ورمێ ،سنە ، کرماشان، ئیلام و خوزستان ئالوودەن بە مینی چێندراو.

و لەو پارێزگایەنەی کە ناوبراون ٢٠ ملیۆن جۆری مین و کەلووپەلی شەڕی تێدایە کە لە دوای شەڕی ئێران و عێراق جێماون و هەروەها لە دەیەکانی شەست لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ڕێگری و بە دژی حیزبە کوردییەکان چێندراون.