کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید: سوننە مەزهەبەکان لە دەنگدان بە ڕێفۆرمخواز و بناژۆخوازان ئەنجامیان بەدەست نەهێنا

12:08 - 23 پووشپەڕ 2724

عەبدولحەمید ئیسماعیل زێهی، پێشنوێژی سوننە مەزهەبی زاهێدان، لە وتاری نوێژی هەینیدا لە ٢٢ پووشپەڕدا، بە ئاماژەدان بە کەمیی ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە خولی ١٤ی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، ڕایگەیاند سوننەکان لە هەموو قۆناغەکاندا دەنگیان بە ڕێفۆرمخوازان و بناژۆخوازان داوە، بەڵام بەئەنجام نەگەیشتن و بێهیوا مانەوە.

مەولەوی عەبدولحەمید، بە ئاماژەدان بەوەی کە بەشداریکردن لە قۆناغی هەڵبژاردن کەم بووە و قسەکانی مەسعوود پزشکیان لە دیبەیتەکاندا کۆمەڵێک کەسی نائومێدی هێنایە سەر شانۆ، باسی لەوە کرد کە پزشکییان لە دیبەیتەکاندا هەندێک لە ئازارەکانی نەتەوە و ئایینەکان و ژنانی دەربڕیوە و ئامادەبوونی هەندێک کەس لە خولی دووهەمدا بەهۆی قسەکانی ناوبراو بووە.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە نزیکەی ٥٠ لەسەد باوەڕیان بە قسەی پزشکییان نەکردووە و لە قۆناغی دووهەمی هەڵبژاردندا دەنگیان نەداوە، وتیشی، نزیکەی ٥٠ لەسەدیش وتوویانە کە کاندیدەکان هیچ لە قسە و بەڵێنەکانیان جێبەجێ ناکەن و درۆ دەکەن.

مەولەوی عەبدولحەمید ڕەخنەی لە قەبووڵنەکردنی یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی سوننە لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا گرت و وتی، لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا هەڵاواردنێکی لەو چەشنە دژ بە پێکهاتەی سوننەی ئێران چەندین جار دووبارە بووەتەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە ئێران نزیکەی ٦١ میلیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

ڕێژەی بەشداریکردن لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا بە لەبەرچاوگرتنی دەنگە نادروستەکان ٣٩.٩٢ لەسەد و بەبێ لەبەرچاوگرتنی دەنگە نادروستەکان ٣٨.٢ لەسەد بووە.