کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: هاتنی پزشکییان هۆشدارییەکە بۆ دژبەرانی کۆماری ئیسلامی

13:13 - 23 پووشپەڕ 2724

وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شەوی هەینی ٢٢ی پووشپەڕ لە وتووێژێک لەگەڵ بەشی فارسیی تلویزیۆنی دەنگی ئەمریکا بۆ جارێکی دیکە ڕایگەیاند کە هاتنەسەرکاری مەسعوود پزشکییان ئاڵوگۆڕێکی سەرەکی لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیدا پێک ناهێنێت.

کاک خالید عەزیزی لە نوێتریتن وتووێژی خۆیدا بە ئاماژەدان بە یاسا بنەڕەتییەکانی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی ڕەهای خامنەیی ڕایگەیاند کە ڕێگە بە مەسعوود پزشکییان نادرێت کە بە ئاسانی مانۆڕی سیاسی لە ئێراندا ئەنجام بدات و لە هەمان حاڵیشدا هاتنەسەرکاری پزشکییانی بە هۆشدارییەک بۆ دژبەرانی کۆماری ئیسلامی زانی.

عەزیزی لەم پێوەندییەدا زیادی کردووە کە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی پاش بزووتنەوەی ژینا دەرفەتێکی باشیان بۆ خولقابوو کە بتوانن ئاڵتێرناتیڤێک بۆ کۆماری ئیسلامی دروست بکەن بەڵام بە باشی نەیانتوانی لەم دەرفەتە کەڵک وەربگرن و لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی لە هەوڵدایە تاکوو لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانەوە وەها نیشان بدات کە لە نێوخۆیدا ئۆپۆزیسیۆنێک بوونی هەیە.

وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئاماژەدان بە کێشە و گرفتەکانی خەڵک وەک کێشەی ئابووری و حیجابی زۆرەملێ ڕایگەیاند کە کۆمەڵگەی ئێران و بەتایبەتی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ئەمنییەتی کراوە و دەبێت حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ نێوخۆی ئێراندا پێوەندییەکی پتەویان هەبێت تاکوو بتوانن بە باشی لە ڕاستییەکانی نێو کۆمەڵگەی ئێران ئاگادار بن.

کاک خالید عەزیزی لەم پێوەندییەدا پشتڕاستی کردووەتە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم چوارچێوەیەدا بە باشی توانیویەتی کە پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا ڕابگرێت و هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە لە تێپەڕاندنی قەیرانەکاندا سەرکەوتوو بێت.

عەزیزی بە ئاوڕدانەوەیەک لە دروشمەکانی خەڵکی کوردستان لە کاتی خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" کە ڕەنگدانەوەیەک بوو لە دروشمەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتی: "دەبێت کە بابەتی پێوندیی حیزبەکان لەگەڵ خەڵکی نێوخۆدا لە هەموو بەشەکانی دیکەی ئێرانیش گشتگیر بکرێت و بە هاوکاریی هەموو لایەنەکانی دیکەی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئەم پڕۆسەیە بەرەوپێش بچێت".

 وتەبێژی حیزب لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و سەبارەت بە بەتێرۆریستی ناساندنی سپای پاسداران لەلایەن وڵاتانی ڕۆژاواییەوە جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە حیزبی دێموکرات لەم پێوەندییەدا بێهەڵوێست نەبووە و هەر لە سەرەتای ئەم پڕۆسەیەوە لە ڕێگەی دامەزراوە و دەستوپیوەندییەکانی خۆیەوە لە ئورووپا و ئەمریکا بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتە کردووە.

بەڕێز عەزیزی هەر لەم پێوەندییەدا و لە کۆتایی قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە تێرۆرکردنی دوکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕایگەیاند کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەردەوام لە هەوڵدایە تاکوو دۆسییەی ئەم تێرۆرە وەک کەیسێکی یاسایی ببرێتە دادگاکانەوە.