کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی تێرۆرکردنی دۆناڵد ترامپ لە پێنسیلوانیای ئەمریکا

11:37 - 24 پووشپەڕ 2724

دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا لە کاتی قسەکردن لە کۆبوونەوەیەکدا لە پێنسیلوانیای ئەمریکا هەوڵی تێرۆرکرانی دەدرێت.

بەپێی زانیاریی هەواڵدەرییەکانی ئەمریکا و ڤیدیۆی بڵاوکراوەکان لەکاتی قسەکردنی دۆناڵد ترامپ لەنێو لایەنگرەکانی لە ویلایەتی پێنسیلوانیای ئەمریکا، تەقە لە دۆناڵد ترامپ دەکرێت و فیشەکێک بەر گوێچکەی دەکەوێت و برینداری دەکات.

وتەبێژی ستادی هەڵبژاردنەکانی ترامپ پاش هێرشەکە و گواستنەوەی دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندووە کە هیچ مەترسییەک لە سەر گیانی سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا نییە و دۆخی تەندروستیی باشە.

پۆلیسی فێدڕاڵی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە لە ئاکامی هەوڵدان بۆ تێرۆرکردنی ترامپ، یەکێک لە لایەنگرەکانی کوژراو و دوو کەسی دیکەش بریندار بوونە.

''ئێف بی ئای'' لە بەیاننامەیەکی دیکەدا ڕایگەیاندووە کە کەسێک بە ناوی "مەتیۆ کڕووکس" کە تەنیا٢٠ ساڵ تەمەنی بووە هەوڵی کوشتنی ترامپی داوە و هەروەها زیادیشی کردووە کە بە دڵنیاییەوە هێرشەکە تێرۆریستی بووە.

هاوکات سرویسی نهێنی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە هێزەکانیان توانیویانە مەتیو کڕووکس بکوژن.

لەلایەکی دیکەوە پاش هەوڵی تێرۆرکردنی سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەم هەوڵەیان بە توندی مەحکووم کرد و هیوای تەندروستییان بۆ دۆناڵد ترامپ خواست.

جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا و ڕکابەری ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا لەم پێوەندییەدا بە هەوڵنێرانی ڕاگەیاند کە لە ڕێگەی تەلەفوونەوە لەگەڵ ترامپ قسەی کردووە و هەروەها زیادی کردووە کە توندوتیژی سیاسی لە ئەمریکادا هیچ پێگە و شوێنێکی نییە.

مایک جانسۆن سەرۆکی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەیەکی بەربڵاو و وردبینانە بە هاوکاریی لایەنە سەربازی و ئەمنییەتی و دادوەرییەکانی ئەمریکا لە سەر ئەم بابەتە ئەنجام ئەدرێت و ئاکامەکەی بە خەڵکی ئەمریکا ڕادەگەیەندرێت.