کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێک لە یادی ٣٥ ساڵەی شەهید دوکتور قاسملوو لە وڵاتی فنلاند

12:41 - 24 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی شەممە ٢٣ی پووشپەڕ، لە سێمینارێکدا بە بەشداریی دەیان کەس لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کەسایەتییە سیاسییەکان و هەروەها نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان و کوردانی دانیشتوی وڵاتی فنلاند، یادی ٣٥ ساڵەی شەهیدکرانی دوکتور قاسلموو و هاوڕێیانی بەرز ڕاگیرا.

سیمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر لەلایەن بەڕێوەبەرانی سیمینارەکە بە هەر دوو زمانی کوردی و فنلاندی بەخێرخاتنی بەشداربووان کرا و ناوی ئەو حیزب و لایەنانە خوێندرایەوە کە نوێنەرانیان لە سیمینارەکەدا بەشداربوون.

پاشان پەیامی ناوەندی بەڕێوەوەبەری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن بەرپرسی کۆمیتەی گشتی حیزب لە وڵاتی فنلاند سەید ئەحمەد حوسێنی خوێندرایەوە.

دواتر پەیامی "ماری لاهتی" بەرپرسی حیزبی سۆسیال دێموکراتی فنلاند، بە نوێنەرایەتی حیزبی سۆسیاڵ لە شاری تورکو پێشکەش کرا، ناوبراو لە ساڵیادی تێرۆری شەهید دوکتور قاسملوو ئاماژەی بە چەند خالێکی گرینگ لە بابەت تێرۆر و تێرۆریزمی نێودەوڵەتی کرد و ڕایگەیاند کە خەڵکی کورد بە گشتی و حیزبی دێموکرات رێبەری خۆی لە پێناو ئاشتی و ئازادیدا بە کردەوەیەکی تێرۆریستی لە دەست داوە کە جێگای داخە.

هەروەها لە درێژەی سیمینارەکەدا دوکتور سمایل بازیار و دوکتور ئیدریس ئەحمەدی بە پێشکەشکردنی بابەتێک باسیان لە ڕۆڵی کەسایەتی دوکتور قاسملوو لە حیزبی دێموکرات و کوردستان و دیپلۆماسی لە دەرەوەی وڵات کرد و تیشکیان خستە سەر چەند تەوەری گرینگ لە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە وردی چەندین بابەتی جێگای سەرنجیان هێنایە بەرباس کە لەگەڵ پێشوازی گەرمی بەشداربووان ڕوبەڕوو بوویەوە.

لە بەشێکی دیکەی سیمینارەکەدا بەشداربووان سەرنج و تێبینیەکانی خۆیان ئاراستە کرد و لە لایەن کۆڕگێڕانەوە وڵام درانەوە.

شایانی باسە کە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، ناوەندی کۆمەڵگای دیمۆکراتیکی کوردستان، فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان، یەکیەتییەکانی ژنان و لاوان و خوێندکارانی کوردستان لەو سیمینارەدا بەشداربوون.