کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی ٣٥ ساڵەی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی خۆپێشاندانێک لە نۆروێژ بەڕێوە چوو

12:49 - 24 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی شەممە ٢٣ی پووشپەری، بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ لە یادی ٣٥ ساڵەی تێرۆری ڕێبەری مەزن دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی خۆپێشاندانێکی بەرین لە شاری ئۆسلۆ بەرێوە چوو.

 خۆپێشاندانەکە لە وێستگەی شەمەندەفەری شاری ئۆسلۆ بەرەو گۆڕەپانی ناوەندی خەڵاتی نۆبێل بە وتنەوەی دروشم بە زمانەکانی ئینگلیزی، نۆروێژی و کوردی و هەروەها بڵاوکردنەوەی برووشوورێک بە زمانی ئینگلیزی لەنێو ڕێبواران و گەشتیارانی شاری ئۆسلۆدا دەستی پێ کرد.

لە دوای ٤٠ خوڵەکێک ڕێپێوان لە گۆڕەپانی ناوەندی خەڵاتی نۆبێل ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی دەستی پێکرد.

 دواتر پەیامی ناوەندی بەرێوەبەریی حیزبی دێموکرات بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن ئارام ئازەری پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی ڕێپێوانەکەدا و بە هاوکاریی کۆڕی هونەریی و هونەرمەندان شێرکۆ مەریوانی و عەلی یەگانە و هەموو بەشداربووان سروودی ''ئەی مامۆستای مەزن و زانا'' خوێندرایەوە.

 پاشان ئیبراهیم لاجانی لە وتارێکدا بە زمانی ئینگلیزی باسی لە ڕۆڵ و کەسایەتیی ڕێبەری شەهید لە ئاستی ئێران و کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا بۆ داکۆکی لە مافی کورد و هەموو کەمینە پەراوێزخراوەکانی ئێرانی کرد.

لە کۆتاییدا تابلۆیەک لە وێنەی دوکتور قاسملوو لەلایەن هونەرمەندی نیگارکێش یوسف سووری بە کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی نۆرویژ پێشکەش کرا و هەروەها شێعرێک لەلایەن ئاکۆ ئەلیاسی و پاشان سروودی ئەی شەهیدان لەلایەن هێدی قادرییەوە ئامادەبووان پێشکەش کرا.